Mazin Majeed Asaad Baqal,Mohammed Baqi Hussein
29 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2019
هەولێر - AA
وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ عێراق گەیشتە شاری هەولێر و لەگەڵ سیاسەتمەدارانی توركمان و بەرپرسانی بەرەی توركمانی عێراق كۆبووەوە.

مەولود چاوشئۆغڵو دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك دیدار و چاوپێكەوتن لە بەغدای پایتەخت و شاری بەسرە باشووری عێراق، شەوی رابردوو گەیشتە شاری هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی بەرەی توركمانی عێراق لە هەولێر كۆبووەوە و كۆبوونەوەكە بە داخراوی بەڕووی میدیاكاندا بەڕێوەچوو.

چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ مەولود چاوشئۆغڵو لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی جێگری و راوێژكاری ئاژانسی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی كۆبێتەوە.
دوێنێ وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی و وەزیری دەرەوە، محەمەد عەلی حەكیم و پەرلەمانتارە توركمانەكانی عێراق و سەرۆكی پەرلەكانی عێراق، محەمەد حەلبوسی كۆبوونەوەی ئەنجامدابوو.