Hemn Baban
16 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2018
ھەولێر - AA
سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت کە داواکارییەکانیان بریتی دەبێت لە جێبەجێکردنی دەستوور بەماددەی ١٤٠ەوە، مافە دارایی و سیاسییەکانی ھەرێم، چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و مافەکانی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ دووشەممە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھەولێر کۆبوونەوە و سێ پرس تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی ھەردوولا بوون کە ئەوانیش بریتی بوون لە تاوتوێکردنی خۆ ئامادەکردن بۆ کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، دانانی بەرنامەی ھاوبەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و ئامادەکردنی رەشنووسێک بۆ داوکارییەکانی ھەردوولا لە لایەنەکانی بەرامبەر لە بەغدا لە پاڵ باسکردنی پرسی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلوولی داھاتوو بەڕێوەبچێت.
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە راگەیاند کە بەتایبەت تاوتوێی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیان کردووە و ھەردوولایەن پێیان باشە کە کورد بەیەک تیم و یەک شاند بەھاوبەشی بچنە بەغدا و بەھێزێکی زیاترەوە بەیەکەوە بچن.
گوتیشی: "پێشتر کە لایەنە سیاسییەکانی عێراق سەردانی ئێمەیان کردووە لە پارتی و یەکێتی ھەردوولایەن رێککەوتووین کە باسی چی بکەین و بڕیاری چی بدەین، واتە ھەماھەنگیمان لەنێواندا ھەیە".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا گوتی: "ئەوەی پەیوەندیی بە حزبەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، ئێمە ھەردوولامان بڕیارمان داوە دەرگای گفتوگۆ کراوە بێت بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو لایەنەکان بکرێت بۆ ئەوەی مافەکانی گەلی کورد دەستەبەر بکرێت، بەمپێیە پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر بە مافە رەواکان، بۆیە بەشداریی ھەموو لایەک بە گرنگ دەزانیین، ئێمە پێمان وایە ئەم ھەموو بایکۆتکردن و رەخەگرتن و تانە لێدانە دەبێت لەگەڵ وردبینییەکاندا کۆتایی پێ بێت، دەبێت بەردەوامی بدەین بە ژیان و ژیانی باشتر بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان و بە گفتوگۆ، ھەوڵ دەدەین پڕۆژەکەی ھەردوولامان پڕۆژەیەکی گشتگیر بێت، ئێمە خۆمان بە خەمخۆری خەڵکی کوردستان دەزانین و خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر بەو دۆخە ھەستیارەی خەڵکی کوردستانی تیادایە".
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.