Hemin Hüseyin
29 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2016
ھەولێر-AA
لەچوارچێوەی دۆزینەوەی رێگاچارە بۆ کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی شاندەکە، فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان هاتوون بیروڕای لایەنە سیاسییەکان کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی لە پڕۆژەیەکدا جێگای هەموو بیروڕا و بۆچوونە جیاوازەکان بکرێتەوە، هاوکات ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستانیش رایدەگەیەنێت کە شاندەکەی پارتی جیدییەتییان پێوە دیاربوو.
بە مەبەستی گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێمی کوردستان، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە فازڵ میرانی و ئەندامێتی ھەریەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی عزەدین بەرواری، مەحمود محەمەد و کاکەئەمین نەجاڕ و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دڵشاد شەھاب و ئەحمەد کانی، سەردانی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستانی کرد و لەلایەن سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان کاوە مەحموود و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکە پێشوازیان پێشوازییان لێکرا و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
دوای یەک کاتژمێر لە کۆبوونەوە، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی شاندەکە، فازڵ میرانی لە لێدوانێکیدا گوتی: "ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی بیروڕای لایەنەکان کۆبکەینەوە و بتوانین لە پڕۆژەیەکی نوێ دایڕێژینەوە".
دواتر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی کوردستان هندرێن ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و گوتی: "لەدوای پەیامەکەی بارزانی، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی پێکهات بۆ ئەوەی سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ سەردانی ئێمەیان کرد و گفتوگۆیەکی کراوەمان ئەنجامدا".
هندرێن ئەحمەد گوتیشی: "لە سەرەتای دروستبوونی ئەو کێشە و گرفتانە، ئێمە پڕۆژەیەکمان پێشکەشکرد و داوامان کرد کە دەبێت لایەنەکان بگەنە تەوافق و لەو کۆبوونەوەی ئەمڕۆش هەمان بۆچوونمان هەبوو، هاوکات باسی ئەوەشمان کرد کە دەبێت دەستوور رۆڵی خۆی ببینێت و حزبی شیوعی کوردستان کاتی خۆی پڕۆژەی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی هەبوو کە لە سکرتێری هەموو حزبەکان پێکدەهات".
هەرچەندە دابڕان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە بەڵام ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی پێی وایە ئەگەر دانیشتن و گفتوگۆ لە نێوان لایەنەکان هەبێت، ئەوا دەتوانن هەموو کێشەکان چارەسەر بکەن و لەوبارەیەوە گوتی: "لەدوای ئەوەی ئەگەر هێزەکان دابنیشین و بتوانن گفتوگۆ بکەن و دەبێت کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێم وەکو سێ پاکێج سەیر بکرێت و قسەی لەسەر بکرێت، ئەوەش پڕۆژەکەی ئێمە بوو".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان گوتیشی: "گرنگە و پێویستە ھەموو لایەنە سیاسییەکان بە بێ مەرج بەشداری لە کۆبوونەوەکان بکەن، دواتر دیراسەی پرۆژەکان بکرێت و گەڕی یەکەمی دانووستنەکان دانیشتنە لەگەڵ ھەموو لایەنەکان و پێویستیشە ھەموو لایەک لە پێناو خۆشکردنی ژیانی خەڵک ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە".