Heman Hussein Yaseen
22 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2019
هەولێر-AA
بە هەماهەنگی دەستەی وەبەرهێنان و ماڵی پێشمەرگە، کۆنفرانسێک بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی چەند کۆمپانیایەکی بیانی و ناوخۆیی ئەنجامدرا، رێکخەری کۆنفرانسەکەش ئاماژە بەوە دەکات کە دەیانەوێت گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆمپانیاکان دروست بکەن و ئاشکرایشی دەکات بەر لە ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە، سێ گرێبەستی گەورە لە نێوان کۆمپانیا بیانییەکان و کۆمپانیا ناوخۆییەکان واژووکراوە.
لە کۆنفراسەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و کارگێڕی و دارایی لە دەستەی وەبەرهێنان موخلیس سەلیم موراد گوتی: "کارنامەی حکوومەت ئەوەیە کە زیاتر پەرە بە بابەتی وەبەرهێنان بدرێت و ئەولەویەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە کار لە سێکتەرەکانی وەبەرهێنان و ئابووری بکات، ئامانجمانە زۆرترین وەبەرهێنەر رابکێشینە هەرێمی کوردستان".
موخلیس موراد گوتیشی: "ئەگەر سەیری یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٠٦ی وەبەرهێنان بکەین دەبینین زۆر خاڵی گرنگی تیادایە، بەڵام بێ کەموکوڕییش نییە و یەکێک لە ئەرکەکانی ئێمە دووبارە دەستکاریکردنی یاساکەیە بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بدرێت بە وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ".
بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و کارگێڕی و دارایی لە دەستەی وەبەرهێنان تیشکی خستە سەر ژمارەی ئەو پڕۆژانەی کە لە میانی کردنەوەی دەستەی وەبەرهێنان ئەنجامدراوە و گوتی: "لە دەستەی وەبەرهێنان ژمارەیەکی زۆر لە کارگە و باڵەخانە لە سایەی یاسای وەبەرهێنانەوە دروستکراون، ئێستا سەرقاڵی ئەوەین کە نەخشەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دابندرێت، بۆ ئەوەی دەرفەتی ئەوە بدرێت بە وەبەرهێنەر کە جیاوازی تیادا نەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە میانی ئەو چەند ساڵەدا ٩٤٠ پڕۆژە جێبەجێکراوە کە گوژمەکەی زیاتر لە ٥٢ ملیار دۆلارە و ئەمەش سەرمایەکی زۆرە بۆ هەرێمی کوردستان".
رێکخەری کۆنفڕانسەکە، سۆلین بابان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە کە بواری ئابووری و کولتووری هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین، ١٠ کۆمپانیای گەورەمان بانگهێشت کردووە تا لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆییەکان ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن و دواتر بتوانن گرێبەستێک لە نێوانیان واژوو بکەن".
سۆلین بابان گوتیشی: "کۆمپانیاکان لە بوارە جیاجیاکان کار دەکەن لە بواری تەکنەلۆجیا، وەبەرهێنان، بازرگانی و بانکی چینیش لێرە ئامادەیە، هەرچەندە ئەم کۆمپانیایانە تۆزێک دڵەڕاوكێیان هەیە و شارەزای ناوچەکە نین، بەڵام بەشێک لەم کۆنفڕانسە بۆ ئەوەیە کە دڵەڕاوکێیان بڕەوێتەوە و بتوانن بڕیاری گرنگ بدەن".
ئەم کۆمپانیایانە ماوەی پێنج رۆژ لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە کە رۆژی یەکەم کۆنفرانسێک ئەنجام دەدەن و رۆژی دواتر بەشداری لە خواردنێکی کولتووری دەکەن و رۆژی سێیەم سەردانی بەشێک لە شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و دواتر سەردانی چەند کۆمپانیا و پڕۆژەیەک دەکەن.
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان، سۆلین بابان گوتی: "بەر لە ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە، سێ گرێبەستی گەورە لە نێوان کۆمپانیای بیانی و کۆمپانیای ناوخۆیی واژوو کراوە و پێشبینی دەکەین ئەم کۆنفرانسە ببێت بە دەستپێکێکی پەرەپێدانی کەرتی ئابووری لە هەرێمی کوردستان".
لەم کۆنفڕانسەدا هەریەک لە وڵاتانی، سعوودیە، چین، ئوردن، ئیمارات، لوبنان و دوبەی بەشدارن و دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانیش لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کار و پڕۆژەکانی ماوەی ١٥ ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستانی نمایش کرد و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد کە زۆرترین کۆمپانیا کە کاریان لە پەرەپێدانی کەرتی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردەوە کردووە کۆمپانیا تورکییەکانن.