Heman Hussein Yaseen
03 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2019
هەولێر- AA
دەستەی وەبەرهێنانی سەربە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا ژمارەیەک هەلی وەبەرهێنانی راگەیاندووە و تیایدا داوا لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکات کە ئارەزوومەندن لە ماوەی دووهەفتەدا سەردانی دەستەکەیان بکەن.
دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاندووە "دەستەکەمان ١١٨ پڕۆژەی وەبەرهێنانی لە گشت بوارەکانی وەبەرهێنان هەڵوەشاندووەتەوە، داوا لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکەین ئەوانەی ئارەزووی ئەنجامدانی پڕۆژە دەکەن، بەتایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک بکەن لەماوەی ١٥ رۆژدا".
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەولێر، سامان عارەب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندبوو کە وەبەرھێنەرەکانیان ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی دەست بە پڕۆژەکانییان بکەنەوە و ھەر وەبەرھێنەرێک دەست بە پڕۆژەکانی نەکاتەوە ئەوا مۆڵەتەکانی ھەڵدەوەشێتەوە.