Sarmand Hameed
26 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2021
هەولێر - AA
بەمەبەستی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی بەرەی تورکمانی عێراقی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانیی و عێراقییهكانی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی حوسێن بەیاوەری بەرپرسی دیسکی پارتە تورکمانییەکان و ئەندامانی مەکتەبی پەیوەندییەکان، سەردانی بارەگای بەرەی تورکمانی عێراقی لە ھەولێر کرد و لەلایەن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەرەی تورکمانی لە ھەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف و ئەندامانی سەرکردایەتی بەرەی تورکمانی پێشوازییان کرا .
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لهلایهن مەکتەبی پەیوەندییە کوردستانی و عێراقییهكانی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە دیدارێکدا عەلی حوسێن بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی ٢٦هەمین ساڵیادی دامەزراندنی بەرەی تورکمانی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و سەرجەم کادیر و ئەندامانی بەرەکە کردووە.
عەلی جەختی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کردووهتهوە و رایگەیاندووه: "با ئەم یادە ھاندەرێک بێت بۆ زیاتر قووڵبونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا و پاراستنی یەکریزی و پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیانی لە مێژینەی کورد و تورکمان و تەواوی پێکھاتەکان و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، لەپێناو خزمەتکردن بەئەزموونی دیموکراسی و خەلکی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا تاوتوێی بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و پرسە سیاسییەکانی ئەمرۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق و دوایین ھەنگاوەکانی پرۆسەی ھەلبژاردنەکانی داھاتوو کرا.