Heman Hussein Yaseen Yaseen
04 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2019
هەولێر - AA
دوای چوار جار لە گۆڕینی ژووری واژوو کردنەکە، دواجار ھەریەک لە جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆسرەت رەسوڵ رێککەوتنێکی سیاسییان واژوو کرد.
کاتژمێر ١١ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆبوونەوە و دوای چەند کاتژمێرێک، ھەردوولا بە مەبەستی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شێوازی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، رێککەوتنێکی سیاسییان واژوو کرد.
رێککەوتنەکە لە لایەن، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی واژوو کرا.
لە ٣٠ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و تیایدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی ٤٥ کورسی بووە گەورەترین فڕاکسیۆنی پەرلەمانیی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە بەدەستهێنانی ٢١ کورسی بووە دووەم گەورەترین فڕاکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان و تا ئەمڕۆش هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو، ئەمڕۆش بۆ دواجار بە واژووکردنی رێککەوتنێکی سیاسیی کۆتاییان بە چاوەڕوانییەکانی پێکهێنانی کابینەکە هێنا.