Heman Hussein Yaseen
22 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2023
هەولێر - AA
دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چاوەڕوان دەکرێت کە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی نێوانیان بکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەکان و دوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەردوو حزبەکەش لە لێدوانیان بە جیا بۆ رۆژنامەنووسان لەنێویاندا پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە میانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێکی ئەنجوومەنی لاوانی کوردستان رایدەگەیەنن کە لە هەوڵی چارەسەری گرفتەکاندان و جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هیوا ئەحمەد مستەفا سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان حزبەکەی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "هەوڵدەدەین کە ناکۆکییەکانی نێوان ئێمە (پارتی) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەمێنێت، ئەو خاڵانەی کە پێویستە لەسەریان رێکبکەوین، رێکدەکەوین و هەوڵی چارەسەری گرفتەکان دەدەین، بەڵام پێمان باش نییە لە راگەیاندنەکان گرفتەکان دەستنیشان بکەین، بەڵکو دەمانەوێت چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە".
هیوا ئەحمەد مستەفا لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، گوتی: "وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوا بەیاننامەی خۆماندا پێداگرییمان کردووە کە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، یاساکەش چۆن پێویستە هەموار بکرێتەوە، ئێمە لاریمان نییە، ئێمە وەک بەردی خڕ نابین لە بابەتی هەموارکردنەوەی یاسا، بە پێچەوانەوە پێمان باشە کە پەرلەمان یان لایەنە سیاسییەکان چۆنیان پێ باشە ئەوا بەم شێوەیە هەموار بکرێتەوە".
هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە پێیوایە کە پارتی و یەکێتیی هەمیشە بۆچوونی جیاوازیان هەبووە و ئەمەیشی بە کارێکی ئاسایی پێناسە کرد و رایگەیاند کە دەبێت کێبڕکێی سیاسیی جیابکرێتەوە لە دوژمنایەتی سیاسیی و گوتی:
"پارتی و یەکێتی لە پەیوەندیدان و هەوڵی ئەوە دەدەن کە پەیوەندییەکانیان لە ماوەیەکی نزیکدا ئاسایی ببێتەوە، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو رێکخراوی جیاوازن لە سیستەمێکی فیدڕالیی فرەحزبی کار دەکەن، بە دڵنیایییەوە لەم سیستەمەشدا بۆچوونی جیاواز دەبێت، ئەو جیاواییە لە رابردوو هەبووە، لەئێستاشدا هەیە و لە داهاتووشدا هەر دەبێت، بەڵام یەک شت گرنگە ئەویش کێبڕکێی سیاسیی جیابکرێتەوە لە دوژمنایەتی سیاسیی، ئێمە دوژمنی یەکترنین بەڵکو رکابەری یەکترین، دەمانەوێت بە بەرنامەی خۆمان زۆرترین دەنگدەر رابکێشین، هەروەها پارتیش دەیەوێت زۆرترین دەنگدەر رابکێشێت، کێشەکە رەنگە لەسەر ئەوە بێت، رەنگە بەرژەوەندی و دەسەڵاتیش رۆڵی خۆی ببینێت، بەڵام هەوڵدەدەین هەروەک چۆن لە بابەتی عێراق بەیەکەوە دانیشتین بۆ کۆبوونەوەکانی دیالۆگی نیشتمانیی، لێرەش بتوانین رێککەوتننامەکانی کە هەیە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت، ئەگەریش پێویست بکات رێککەوتننامەیەکی دیکە ئامادە بکرێت".
سەعدی ئەحمەد پیرە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکان و بابەتی پێکهاتەکان، گوتی: "تێبینی ئێمە لە مەسەلەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە کە بۆ نموونە هەندێک کەس هەیە کادرە لە حزبێکی سیاسیی بەناوی پێکهاتەکان و دەیەوێت کورسییەکی هەرزانی دەست بکەوێت، ئێمە ناڵێین ژمارەیان کەم بکرێتەوە بەڵکو دەڵێین پێکهاتەی تورکمان یان مەسیحیی پێویستە نوێنەرەکانیان لە هەمان پێکهاتەبن نەک نوێنەری پارتی یان یەکێتیی بن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر پارتی و یەکێتی گرفتێکیان هەیە ئەوا پێکهاتەکان نەبنە لایەنگر، هەروەک چۆن لە کاتی شەڕی ناوخۆدا بێلایەنییان هەڵبژارد".