Mohammed Baqi Hussein,Hemn Osman
14 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2015
پاریس
به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی پۆلیسی شاره‌كه له په‌لاماره‌كاندا كه له چه‌ند شوێنێكی جیاجیا ئه‌نجام دراون، 142 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست داوه. به‌وهۆیه‌وه له فەڕه‌نسا باری نائاسایی راگهیهنراوە.
په‌لاماره‌کانی چه‌كداریی له شه‌قامی شارۆنی ناوچه‌ی 10یه‌م و هۆڵی كۆنسێرتی باتاكلان له‌ناوچه‌ی 11یه‌م ئه‌نجام دران.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له شایه‌تحاڵانه‌وه وه‌رگیراوه، له هێرشه‌كه‌ی ناوچه‌ی 10یه‌مدا كه‌سێك له ئوتۆمبێلێك دابه‌زیوه و ده‌ستڕێژی گولله‌ی له كڕیارانی رێستۆڕانتێك به‌ناوی "لابێلی ئێكویپ" كردووه.
له هێرشه‌كه‌ی ناوچه‌ی 11شدا دوو یان سێ كه‌س ده‌ستڕێژی گولله‌یان له ئاماده‌بووانی ده‌ورووبه‌ری هۆڵی كۆنسێرتی باتاكلان و هێزه‌کانی ئه‌منی ناوچه‌كه كردووه.
- له‌ده‌ورووبه‌ری یاریگەی ستاد دێ فرانس لانیكه‌م دوو ته‌قینه‌وه ئه‌نجام درا.
له ده‌ورووبه‌ری یاریگەی ستاد دێ فرانس كه یاری دۆستانه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا و برانسای تێدا به‌ڕێوه ده‌چوو، لانیكه‌م دوو ته‌قینه‌وه ئه‌نجام درا.
سه‌ركۆماری فەڕه‌نسا فڕانسوا ئۆلاند و وه‌زیری نێوخۆ بێرنارد كازێنیوڤ كه له نێو یاریگەكهدا ته‌ماشای یارییه‌كه‌یان ده‌كرد، له‌گه‌ڵ روودانی ته‌قینه‌وه‌كه‌دا ده‌ستبه‌جێ له ژێر رێوشوێنی ئه‌منی توند لە یاریگەكه برانه ده‌ره‌وه و ئۆلاند ژووری عه‌مه‌لیاتی له‌باره‌ی هێرش و په‌لاماره‌كانه‌وه پێك هێنا.
راگه‌یه‌نراوه له‌كاتی ته‌قینه‌وه‌كاندا نارنجۆكیش به‌كارهاتووه.
ده‌ستبه‌جێ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی فەڕەنسا كۆبووه‌وه. دوای په‌لاماره تیرۆرستییهكەی پاریس، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له كۆشكی ئه‌لیزا كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی ئه‌نجام دا.
دوای ئه‌وه‌ی ئۆلاند باری نائاسایی له وڵاته‌كه‌یدا راگه‌یاند و بڕیاری داخستنی سنووره‌كانی ده‌ركرد كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌نجام درا و رێوشوێنی تەناهی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر تاوتوێ كرا.
به‌پێی روونكردنه‌وه‌یه‌ك كه له كۆشكی ئێلیزاوه بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، بڕیاری راگه‌یاندنی باری نائاسایی په‌سه‌ند كردووه كه له‌لایه‌ن ئۆلانده‌وه راگه‌یه‌نرابوو.
له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا بۆ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی ئه‌منی توند، بڕیار درا 1500 سه‌رباز ئه‌ركی پێ بسپێردرێت.
به‌پێی روونكردنه‌وه‌كه‌ی داواكاری گشتی، له‌و هێرشانه‌ی پاریس‌دا، دوانیان چه‌كداری و سیانیشیان بۆمبیان پێ بووە. لانیكه‌م 120 كه‌س كوژراون، سه‌رچاوه‌كانی پۆلیسیش ئاماژه‌یان به‌وه كردووه له‌و هێرشانه‌دا 142 كه‌س كوژراون كه 100یان له هۆڵێكی كۆنسێرتدا بووه. سه‌باره‌ت به ژماره‌ی برینداره‌كانیش، باس له‌وه ده‌كرێت كه لانیكه‌م 60 كه‌س له نه‌خۆشخانه‌كاندا چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرێت.
هاوكات له ئۆپه‌راسیۆنێكی پۆلیسدا بۆ ئازادكردنی بارمته‌كان له هۆڵی كۆنسێرته‌كه، سێ تیرۆریست كوژراون. له‌م نێوه‌نده‌دا، پارته‌كان هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ناوچه‌ییان راگرت كه پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه ده‌ستیان پێ كردبوو. دوای ئه‌وه‌ی پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا، به چه‌ند هێرشێكی تیرۆریستی هه‌ژێندرا، پۆلیسی فه‌ڕه‌نسی ده‌ستی به ئۆپه‌راسیۆن كرد و رێ و شوێنی تەناهی زۆر توند گیرایەبەر.
هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا فڕانسوا ئۆلاند، باری نائاسایی راگه‌یاند، له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پاریس یه‌كه‌كانی سه‌ربازی جێگیر كران. له چوارچێوه‌ی ئه‌و رێ و شوینه ئه‌منیانه‌ی له پاریس گیراونه‌ته‌به‌ر، پێنج وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ڕ داخران.
كه‌ناڵی فڕانس 24، بڵاوی كرده‌وه له سێ كۆگای ده‌ورووبه‌ری یاریگە ته‌قینه‌وه رووی داوه.
هێرش و په‌لاماره‌كان له 7 ناوچه‌ی جیاجیا ئه‌نجام دران. له هه‌واڵێكدا كه كه‌ناڵی فڕانس 24 به‌پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه‌كانی پۆلیس بڵاوی كردۆته‌وه، له 7 شوێنی جیاجیای پایته‌ختی فەڕه‌نسا هێرش و په‌لامار و پێكدادان رووی داوه.
ئه‌نجامدانی 3 ته‌قینه‌وه‌ی جیاجیا له‌ده‌ورووبه‌ری یاریگەی ستاد دێ فرانس و هێرشه‌کانی چه‌كداری دوو ناوچه‌ی دیكه، به‌كاتی ئه‌و وڵاته له ده‌ورووبه‌ری سه‌عات 10ی شه‌ودا ده‌ستیان پێ كرد، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه تیرۆریستان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆداڕێژراو جووڵاونه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هەتا ئێستا هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتیی له په‌لاماره‌كان رانه‌گه‌یاندووه.
له روونكردنه‌وه‌یه‌كی كورتدا ئۆلاند هێرش و په‌لاماره‌كانی به ترسناك ناو برد و باری نائاسایی راگه‌یاند. هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه كه ته‌واوی تواناكانیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ و سوپاش بۆ ده‌ستبه‌ركردنی ئاسایش به‌شداری پێ ده‌كه‌ن.