پاریس
دوای ھێرشە تیرۆریستییەکە بۆ سەر نووسینگەی گۆڤاری ھەفتەنامەی شارلی ئێبدۆ لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کە ھەفتەی رابردوو ئەنجامدرا بوو، یەکەم ژمارەی چاپی کەوتە بازاڕەوە.
لە سەر بەگی گۆڤارەکە دیمەنی کەسێکی لەسەر دانراوە کە بەرگی سپی پۆشیوە و شرۆڤەی ئەوە دەکات کە پێغەمبەری ئیسلامە و فرمێسک لەچاوی دێتە خوارەوە، ھەروەھا لە دەستی کاغەزێک ھەیە و لە سەری نووسراوە "من شارلیم"، لە ژێر ناوی گۆڤارەکەش نوسراوە "لە هەموو شتێک بووران".
لە ناوەوەی لاپەڕەکانی گۆڤارەکە کاریکاتێری ئەو تیرۆرستانە دانراوە کە لایەنگرانی جیھادە توندڕەوەکان پەروەردەیان کردوون، ھەروەھا لە بەشی ناوەڕاستی گۆڤارەکە باس لە رێپێوانە سەرانسەرییەکەی پاریس کراوە کە کەسایەتییەکانی ئاینییەکان زیاترین ئەژماری بەشداربوویان پێک دەهێنا. لە بەرگی پشتەوەی گۆڤارەکەش باس لە دوو برا ھێرشبەرەکەی سەر گۆڤارەکە کراوە.
لە کاتەکانی بەیانی بۆ کڕینی گۆڤارەکە خەڵکێکی زۆر نۆرەیان بۆ کڕینی گۆڤاری شالی ئێبدۆ لە بنکەکانی فرۆشتن گرتبوو، لە چەندین بنکەیەکش چاپی گۆڤارەکە تەواو بوو.
وەک چاپی کاغەز گۆڤارەکە تەنیا بەزمانی فەڕەنسی، تورکی، ئیتاڵی لە ٢٥ وڵات بڵاو کراوەتەوە، ھەروەھا لەسەر پەیجی ئەلیکترۆنی گۆڤارەکە ھەڵبژاردەی زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، ئیسپانی ھەیە.
گۆڤاری ھەفتانەی شارلی ئێبدۆ، بەپێی ستانداردی خۆی ٦٠ ھەزار دانە چاپی ھەیە، بەڵام لەم ژمارەیەدا چاپی بۆ سێ ملیۆن دانە بەرز کردوە، دواتر بەھۆی داواکاری لەسەر گۆڤارەکە ئەو ژمارەیە بۆ پێنج ملیۆن دانە زیاد کرا، گۆڤارەکە پێشتر پێکھاتبوو لە ھەشت لاپەڕە و لە چاپی ئەمڕۆشدا بۆ ١٦ لاپەرە زیاد کرا.
لە٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ لە ھێرشێکدا بۆ سەر نووسینگەی گۆڤاری ھەفتەنامەی شالی ئێبدۆ ١٢ کەس کوژرابوون.