سلێمانی
ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی مسوڵمان عەلی قەرەداغی لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە دۆخی سیاسی ھەرێمی كوردستان و ناكۆكی لایەنەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی ھەرێم و چارەسەرەكان، ھەروەھا سەرھەڵدانەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی توركیا و پرۆسەی چارەسەری ئاشتی دەكات.
عەلی قەرەداغی تەمەن ٦٦ ساڵان كەسایەتییەكی دیاری ھەرێمی كوردستانە و لە ناوچەی قەرەداغی سەر بەپارێزگای سلێمانی لەدایك بووە، ئەو زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە وڵاتی قەتەر نیشتەجێیە و پلەی پرۆفیسۆری ھەیە.
ئەو كەسایەتییە ساڵانە چەند جارێك سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكاتەوە بۆ دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان و لایەنەكانی سیاسی ھەرێم، ھەروەھا بەدواداچوون و لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رێكخراوە خێر خوازییەكەی ( رابیتەی ئیسلامی كورد) كە لەساڵی ١٩٩٨ەوە لە ھەرێم كاری خێرخوازی دەكات، ساڵی ٢٠٠٨ یش زانكۆیەكی ئەھلی بەناوی ( زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی) دامەزراند.
قەرەداغی ماوەی چەند رۆژێكە گەڕاوەتەوە ھەرێمی كوردستان و كۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرھەم ساڵح و ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان محەمەد فەرەج ئەنجامداوە، بڕیارە سەردانی ھەریەك لە سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جەلال تاڵەبانی و بەرپرسانی تری ئەو حزبەش بكات بۆ دیدار و گفتوگۆكردن لەسەر ناكۆكی لایەنەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی ھەرێم.
قەرەداغی لە سەرەتای دیمانەكەیدا لە بارەی دۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان و ناكۆكی لایەنەكانەوە دوا و گوتی: "دۆخی ئێستای سیاسی كوردستان تا رادەیەك دژوارە بە تایبەت لەسەر پرسی سەرۆكایەتی ھەرێم، بەڵام ھەوڵێكی باشمان داوە و سەردانی بەشێك لە لایەنەكانمان كردووە و بەردەوام دەبین لەسەر سەردانی لایەنەكانی تریش، ھەروەھا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش ھەنگاوی باشی ناوە و ئامانجمان راگرتنی سەقامگیری دۆخی كوردستانە".
ئەو گوتی: "ئەو كێشانە ھەمووی چارەسەریان ھەیە و كێشەیەكی ھێندە گەورە نییەو گەورە كراوە، لە كۆتایشدا لایەنەكان دەگەنە چارەسەر ".
لە بارەی داواكاری ئەوان لەسەرۆكی ھەرێم و لایەنەكان لەكاتی سەردانەكانیاندا، گوتی: "داوای سەرەكی ئێمە چۆنێتی پاراستنی سەقامگیری كوردستان و دورخستنەوەی ھەرێمە لە ھەر دۆخێكی نەخوازراوی شەڕی براكوژی و لێكترازان و ململانێی حزبی كە ببێتە ھۆی زیان گەیاندن بە ھەموو بوارەكان. دەمانەوێت میكانیزمێك بۆ ئەو كێشانە بدۆزینەوە و راوبۆچوونی جیاوازی لایەنەكان لەیەك نزیك بكەینەوە تاوەكو بگەینە ئەنجامێكی ھاوبەش، وەڵامی سەرۆكی ھەرێم و حكوومەت و لایەنەكانیش ھەمووان كۆكن لەسەر ئامانجەكانی ئێمە و ئەو ناكۆكیەشی لە نێوان ئەو لایەنانە ھەیە لەسەر میكانیزمی كارەكەیە و ئومێد ھەیە بگەینە چارەسەرێكی باش".
ئەو كەسایەتییە كوردە دانانی سیستمێكی سیاسی باش و گونجاو بۆ ھەرێمی كوردستان و دیاری كردنی دەسەڵاتی سەرۆكی ھەرێم و پەرلەمان و بەرپرسیارێتی و بەدواداچوونیان بە چارەسەرێكی ستراتیجی ناو دەبات.
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیھانی زانایانی موسڵمان لە تەوەرەیەكی تری دیمانەكەدا لە بارەی دۆخی توركیا و پرۆسەی چارەسەری ئاشتی لە توركیا دوا.
عەلی قەرەداغی گوتی: "ئەوەی لە توركیا سەری ھەڵدایەوە زۆر نیگەرانی كردین كە دۆخەكە لە پرۆسەیەكی ئاشتی جوان و سەركەوتووەوە بگەڕێتەوە بۆ شەڕ و كوشتن و خوێنڕێژی، ئێمە دژی شەڕ و كوشتنین لە ھەمانكاتدا لەگەڵ دادوەری و راستیداین".
ئەوەشی گوت: "حەزمان دەكرد ھەردوولایەنی حكوومەت و پەكەكە و نوێنەرانی كوردەكان قوربانیان بدایە بە ھەموو شتێك لە پێناو بەرژەوەندی توركیا و كوردەكانی باكووردا ، بەڵام چەند لایەن و حزبێك بەرژەوەندی ئایدۆلۆجی خۆیان لە ھەموو بەرژەوەندییەكی كورد یان گەلێكی تر پێ لە پێشترە".
قەرەداغی لە بارەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی زیاتر قسەی كرد و گوتی: "ئەو ھەلەی ھاتۆتە پێش بۆ كورد زۆر گەورەیە لە مێژودا و دەیانتوانی لەو رێگەیەوە پەرە بەخۆیان بدەن، خوازیاری ئەوەین ھەمووان جارێكی تر بگەڕێنەوە سەر مێزی ئاشتی و گفتوگۆكان، داواش دەكەین پرۆسەی ئاشتی و مافی گەلی كورد نەبەسترێتەوە بەم شەڕەوە كە ھۆكارەكەی روونە، لایەنی حكوومەتی توركیاش لەسەر پرۆسەكە بەردەوام بێت".
لە بارەی ھەوڵەكانی ئەوان بۆ ھێوركردنەوەی دۆخەكە و نێوەندگیری ھەردوو لایەنەوە دەڵێت: "ھەوڵمان ھەیە و پەیوەندیمان بە بەشێكیانەوە كردووە و دەمانەوێت ئەو ھەوڵە بگەیەنینە پڕۆژە، بەڵام دەمانەوێت سەرەتا بزانین ئامادەیی لایەنەكانی ھەدەپە و پەكەكە لەسەر پرۆسەكە و بەرنامەیان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی چییە".
قەرەداغی باسی لە گرنگی پرۆسەی ئاشتی و قۆناغی چارەسەری كردەوە و گوتی: "لە سەردەمی قۆناغی چارەسەری ئاشتی ناوچەكانی كوردی و توركیا پێشكەوتنی گەورەیان بە خۆوە بینی و ھیوامان وایە گەلی كورد و نوێنەرەكانی و حكوومەتی توركیاش ئەو پرۆسەیە نەكەنە قوربانی و بەردەوام بن لەسەر پرۆسەكە".