كهركووك
پلەكانی گەرما لە عێراق گەیشتووەتە سەرووی 50 پلەی سەدی، ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست كردووە. بەڵام سەرەڕای ئەو گەرما بەرزە هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامن لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.
لە ناوچەی مەكتەب خالید و مەلا عەبدوڵڵا، كە دەكەوێتە دووری 25 كیلۆمەتر باشووری كەركووك، هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامن لەسەر ئیشكگرتن بۆ پاراستنی ناوچەكە لە دەست تیرۆریستانی داعش، لە هەندێك ناوچەشدا دووری نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش تەنیا 200 مەترە.
ملازم هۆشیار عەبدوڵڵا، كە یەكێكە لە فەرماندەكانی لیوای یەكی هێزەكانی پاراستنی سلێمانی، رایگەیاند: "ئەم جەنگە، جەنگی مووچە و پارە نییە. دەبێت لەم دۆخەدا هەموو كەس یارمەتی یەكتر بدات، ئەگەر كاتی ئەوە هات دەبێت هەمووی ببێتە پێشمەرگە. چونكە ئەم دوژمنە، دوژمنێكی مەترسیدارە. لێرە هێزەكانی پێشمەرگە گوێ بە گەرما نادەن، هەمووان لێرە بە باشترین شێوە كاری خۆیان دەكەن و ئیشك دەگرن. هەرگیز ئێرە چۆڵ ناكەین، هەمووكات كەركووك و كوردستان دەپارێزین".
بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەی لیوای یەكی هێزەكانی پاراستنی سلێمانی، سەرهەنگ عەبدوڵڵا محەمەد، ئاماژەی بەوە كرد كە پێشمەرگە، پارێزەری نیشتمان، دیموكراسی، گەل و تەواوی گەلانی ستەمدیدەیە. هیچ سەختیەك نابێتە بەربەست لەبەردەم پێشمەرگەدا. چونكە هێزی پێشمەرگە، هێزێكە خاوەنی كاری پێشینە، ئامانج و بیروباوەڕی دروستە و هەموو جۆرە فیداكاریەك دەكات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی.
پێشمەرگەیەكی تەمەن 21 ساڵ بەناوی بێكەس قادر، لە دواین خاڵی پێشمەرگە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش كە 200 مەتر مەودایان لەنێواندایە، شەو و رۆژ ئێشكدەگرێت، دەڵێت: "ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە، چونكە ئێمە لە پێناو گەلی كورد، نیشتمان و خاكدا دەجەنگین. لە دواین خاڵدا ئیشكدەگرین. ئەوەی دەكەوێتە سەر شانمان بە باشترین شێوە لێرە جێبەجێی دەكەین".
پێشمەرگەیەكی دیكە بەناوی محەمەد فاتیح مەلا عەبدوڵڵا، رایگەیاند: "هیچ كاتێك رەوشی كەشوهەوا، یان توانای ماددی ناگرینە بەرچاو و بەردەوام دەبین لەبەرگری كردن. هەتا ئەو كاتەی گەلی كورد و كوردستان پێویستیان پێمان بێت، هەمیشە ئامادەی گیان فیداین. گەل ئیرادەیەكی زۆری پێ بەخشیوین، ئیرادە و ئامانجمان لە گەرما و سەرما گەورەترە".