Hamit Hüseyin
14 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2017
هەولێر-AA
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و به ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، قوباد تاڵه‌بانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ساز دا.
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە، له بڕگه‌ی یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا راپۆرتێك له‌باره‌ی رێكخستنه‌وه و پێداچوونه‌وه به وه‌زاره‌تی كاروباری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا له‌ژێر ناونیشانی (پێشمه‌رگه له ئاینده‌دا) كه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و راوێژكارانی سه‌ربازیی وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیاوه ئاماده كراوه له لایه‌ن وه‌زیری پێشمه‌رگه به وه‌كاله‌ت، كه‌ریم شنگالى پێشكه‌ش كرا.
سه‌ره‌تا وه‌زیری پێشمه‌رگه به وه‌كاله‌ت، كه‌ریم شه‌نگالى باسێكی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی كرد كه خۆی له 35 خاڵدا ده‌بینێته‌وه و ستراتیژێكی زۆر گرنگ بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌رباره‌ی دروستكردنی هێزێكی هاوچه‌رخی مۆدێرن، دابین ده‌كات. دواتر له لایه‌ن لێژنه‌یه‌كی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه كه داوه‌تى كۆبوونه‌وه‌كه كرا بوون، ورده‌كاری و ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه خرایه روو كه كۆی خاڵه‌كانی ناو پڕۆژه‌كه، بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و یه‌كخستنه‌وه و رێكخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه له‌ژێر یه‌ك چه‌تردا، خاڵی زۆر گرنگ و پڕ بایه‌خن.
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه دا كه پێویسته ستراتیژی ئه‌منیی هه‌رێمی كوردستان پێناسه بكرێت و له‌وباره‌یه‌وه به‌رچاوڕوونییه‌ك بۆ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان و وڵاتانی هاوپه‌یمان هه‌بێت. جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانیش وێڕای ده‌ستخۆشی بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ئاماده‌كرنی پڕۆژه‌كه، به پێویستی زانی میكانزمێك بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه دابنرێت و جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی له لایه‌ن بۆردێكهوه سه‌رپه‌رشتی بكرێت و هه‌نگاوه‌كانی هه‌ڵبسه‌نگێنرێت.
دوای گفتوگۆكردنی بابه‌ته‌كه له لایه‌ن وه‌زیره‌كانه‌وه و خستنه‌ڕووی تێبینی و سه‌رنجه‌كان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پڕۆژه‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی په‌سه‌ند كرد.