سلێمانی
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بەسپۆنسەری زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتاران و مامۆستایانی زانكۆ و رۆژنامەنووسان و پسپۆرانی بوارەكە، ۆرك شۆپێك لەسەر پڕۆژە یاسای ریكلام لەهەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
سەرۆكی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئالان فەرەیدون گوتی: "وەك هەردوو زانكۆ پشتیگیری تەواوی یاسای رێكلام كردن لە هەرێمی كوردستان دەكەین و هیوادارین لە داهاتوویەكی نزیكدا پەرلەمانی كوردستان ئەم پڕۆژە یاسایە بخاتە بەرنامەی كاری خۆیەوە و دەنگی لەسەربدات".
سەرۆكی رێكخراوی ئەكادیمیای میدیا نەزاكەت حسێن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆژە یاساكە ماوەی سێ مانگە لەلایەن رێكخراوەكەمانەوە ئامادە كراوە و ژمارەیەكی زۆر لە پسپۆرانی بوارەكە بەشدارییان تێدا كردووە، ئەمڕۆش گفتوگۆمان لەسەر پڕۆژە یاساكە كرد و هەڵسەنگاندنی بۆ كرا و راو پێشنیازەكان بۆ پڕۆژەكە زیاد كرا".
پڕۆژەیاسای رێكخستنی ریكلام لە هەرێمی كوردستان لە 17 ماددە پێك هاتووە و رێكخراوی ئەكادیمیای میدیا لە هەرێمی كوردستان بە هاوكاری چەند پسپۆڕێكی بواری ریكلام كردن ئامادەی كردووە و ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت.
لە پڕۆژە یاساكەدا پێناسەی رێكلام كراوە "مەبەست لە رێكلام كە لەم یاسایەدا هاتووە ئەو جۆرە پەیامە میدییاییەیە كە لەرێگەی كەناڵەكانی هەمە چەشنی راگەیاندنەوە پەخش و بڵاو دەكرێنەوە لە پێناو ناساندن، سەرنج راكێشان یان هاندان بۆ كڕینی كاڵاو خزمەتگوزاری گشتی یان گرووپێكی دیاری كراو".
ئاماژەی بەوەش كرد هۆكاری دەرچواندنی ئەم یاسایە لە بەر گرنگی رێكلام لە خزمەتكردنی بەكاربەر و گەشەپێدانی ئابووری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە پشت بەستن بە كێبڕكێی تەندروست و یاساییانە، بەمەبەستی كەمكردنەوەی لایەنە خراپ و زیانبەخشەكانی رێكلام.
ئامانجەكانی یاساكە بریتییە لە:
- رێكخستن و دانانی یاسایەك بۆ رێكلامی بازرگانی بە جۆرێك ببێتە هۆی پڕفرۆشی و ئاشناكردنی بەكاربەر بە ناوەڕۆكی رێكلامەكە، بەبێ ئەوەی زیان بە بەرژەوەندی گشتی و تایبەتی بگەیەنێت.
- دانانی رێوشوێنی پێویست بە بەزانستیكردنی رێكلامسازی لە هەرێمی كوردستاندا.
- پاراستنی منداڵ لە كاریگەرییەكانی خراپی هەندێك رێكلامی بازرگانی.
- پاراستنی زمان و كولتووری باڵای كوردەواری لە هەر سەرپێچی و زیان پێگەیاندنێك.
- پاراستنی مافی بەكاربەران لە هەندێك شێوازی هەڵخەڵەتاندن و فریودان.
- پابەندكردنی ئامرازەكانی راگەیاندن بە رێوشوێنە یاسایی و رێنماییەكان بۆ رێزگرتن لە هەست و نەستی خەڵكی لە رێگای سنوورداركردنی ئەو ماوە و جۆر و رووبەرەی كە رێكلامی تێدا بڵاو دەكرێتەوە.
لە پرۆژە یاساكەدا داوا كراوە دەق و سیناریۆی رێكلام زیان بە زمانی كوردی نەگەیەنێت و نابێت سوێند خواردن لە رێكلامدا هەبێت و دوور بێت لە هەر دەستەواژەیەكی ناپەسەند.
هەروەها پڕۆژە یاساكە هەندێك كاڵای داناوە كە نابێت رێكلامیان بۆ بكرێت، لەوانەش توتن و جگەرە و خواردنەوەكانی كهولی و چەك و تەقەمەنی و مادەكانی هۆشبەر و چەندین مادەی دیكەی زیان بەخش لە نێو كۆمەڵگادا.