واشینتۆن
گوتەبێژی کۆشکی سپی جەی گارنەی رایگەیاند: سەرەڕای رەتکردنەوەی ئەندامێتی کاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لایەن سعودییەوە، بەڵام پەیوەندیی ھاوبەشی ئەمریکا و سعودییە درێژەیان دەبێ و ئەمریکا لەسەر ھاوپەیمانی خۆی لەگەڵ سعودییە بەردەوام دەبێت.
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "ئەندامبوون لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەبێتە ھۆی لە نزیکەوە ئاگاداربوونی رەوشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی سوریا، ئێران و میسر و دەرفەتێکیشە بۆ بەھێزترکردنی پرۆژەی ئاشتەوایی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و چەندین پرۆژەی دیکە."
لە بارەی رەتکردنەوەی وەرگرتنی کورسی لەو ئەنجومەنە لە لایەن سعودییەوە گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "رەتکردنەوە یا قەبوڵکردنی ئەو کورسییە پابەندی خواستی سعودیە خۆیەتی و رەتکردنەوەی ئەو کورسییە کاریگەری لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سعودییە نابێ."
گارنەی رایگەیاند: لە چەند بوارێکدا لەگەڵ بەرپرسانی سعودی ناکۆکیمان ھەیە، بەڵام دانوستانەکانمان بەردەوامن.
بە بیانووی لاوازبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پاراستنی ئاسایش و ئاشتی جیھان، سعودیە ئەندامێتی کاتی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان رەتکردەوە.