Ramal Abdullah Mahmood
07 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2017
کرانز/مۆنتانا – AA
هەر لە یەکەم دانیشتن بۆ گەیشتنە چارسەری کێشەی قوبرس کە لە ١٢ی کانوونی دووەمەوە لە جنێڤ دەستی پێکردبوو تا کو ١٠ەمین رۆژی دانیشتنی نوێی کۆنفرانسی قوبرس بێ گەیشتنە هیچ ئەنجامێک کۆتایی هات.
لە دوا رۆژی کۆنفرانسەکەدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس و سەرکۆماری کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، مستەفا ئاکنجی و سەرکردەی بەشی یۆنانی قوبرس نیکۆس ئاناستاسیادیس، هەروەها نوێنەرانی وڵاتانی دڵنیاییدەر کە پێکهاتبوون لە وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو وەک نوێنەری تورکیا و وەزیری دەرەوەی یۆنان، نیکۆس کۆتزیاس و وەزیری دەوڵەت لە حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئەورووپا و ئەمریکا، ئالان دونجان و راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری قوبرس، ئەسپەن بارز ئەیدی و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش، فێدێرکا موگرینی کە وەک چاودێر بەشداری کۆنفرانسەکەی کردبوو، دوێنێ لە یەکەم ئێوارە خوانی فەرمیدا بەیەکەوە کۆبوونەوە.
دواتر وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەو هۆتێلەی لێی دەمایەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد، رایگەیاند: "بەداخەوە دانیشتنی دووەمی کۆنفرانسی قوبرس کە لە ٢٨ی حوزەیران لە کرانس-مۆنتانا دەستی پێکرد، هیچ ئەنجامێکی نەبوو".
چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە هەر لە یەکەم کۆنفرانسدا کە لە ١٢ی کانوونی دووەم رێکخرا تورکیا ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەک بووە بۆ گەیشتنە چارەسەرێکی دادوەرانە، گشتگیر و بەردەوام بۆ کێشەی قوبرس.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا دواتر لە بارەی کۆنفرانسەکەوە زانیاری دەدات بە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیران، بینالی یڵدرم و بەرپرسانی حکوومەت.