سلێمانی
پێش كەمێك نوێنەری چوار لایەنەكە گەیشتنە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی و كۆبوونەوەیەكی تایبەتی نێوانیان دەست پێ كرد.
لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە مەلا بەختیار ئەندامانی شاندی گفتوگۆ قادر حەمەجان، قوباد تاڵەبانی، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور چێنەر جۆڵا بەشدارن. لە بزووتنەوەی گۆڕان جەلال جەوهەر، رابوون مەعرووف، بەهار مەحموود. لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان تەنها محەمەد ئەحمەد سەرۆكی شاندی گفتوگۆی ئەو حزبە ئامادەیە. لە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان محەمەد حەكیم، رێبوار حەمەد، دانا دارا ئامادەی كۆبوونەوەكەن.
ئەندامی شاندی گفتوگۆكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشتر ئاگادار كراینەوە كە لە هەر حزبێك تەنها یەك كەس كە ئەویش سەرۆكی شاندی گفتوگۆكانە ئامادەی كۆبوونەوەكە بێت".
لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكەشەوە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، ئەبووبەکر هەڵەدنی گوتی: "ئامانجی كۆبوونەوەكە بۆ ئامادەكردنی وەڵامێكە بۆ كۆبوونەوەی پێنجشەممەی داهاتوو لەگەڵ پارتی، وەڵامەكەش لەسەر خواستی پارتییە".
هەڵەدنی لەبارەی وەڵامەكانەوە زیاتر دوا و گوتی: "وەڵامەكان باسی میكانیزمی سەرۆكی هەرێمە كە لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت دەسەڵاتی چۆنە و لە دەرەوەی پەرلەمان و خەڵكەوە بێت دەسەڵاتی چییە، هەروەها باسی بابەتی مەعنەوی مەسعود بارزانی لە پۆستەكەیدا، لەگەڵ راپرسی لەخۆ دەگرێت".
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوار قۆڵی لایەنەكان دوای كۆبوونەوەی دوێنێ یەكشەممەی پێنج قۆڵی لایەنەكانی پارتی، گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو و كۆمەڵ دێت لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و شێوازی حوكمڕانی كە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان فوئاد حوسێن رایگەیاند "لە كۆبوونەوەكەدا جارێكی دیكە كۆمەڵێك پێشنیازی نوێ خرایە بەرباس ئەو پێشنیازە لەلایەن حزبەكان خرایەڕوو و داوا كرا كە حزبەكان بڕۆنەوە لای سەركردەكانیان، بۆ ئەوەی راوێژ و دیراسەت بكەن بە نووسراوی فەرمی پێشنیازەكانیان بخەنەڕوو بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی داهاتوو ئەنجامی هەبێت".