Fahrettin İbrahim
29 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2016
هەولێر - AA
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا تیشک دەخاتە سەر بۆچوونەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی بەغدا و لەو بارەیەوە رادەگەیەنێ کە "بنەمای شەراكەت لە حكوومەتی عێراقیدا پێشێل كراوە و مانای نەماوە".
بەپێی ئەم راگەیەنراوە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق بایەخێکی ئەوتۆی نەماوە و هاتووە: "بەلای سەرۆك بارزانی گۆڕانكاریی وەزاری و كاندیدكردنی كەسی تازە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری یان لادانی وەزیرەكان لە حكوومەتی عێراقیدا بایەخێكی ئەوتۆی نەماوە چونكە بنەمای شەراكەت لە حكوومەتی عێراقیدا پێشێل كراوە و مانای نەماوە. كە شەراكەتیش نەما كورسیی وەزارەت چ بەهایەكی دەمێنێت؟"
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "لە دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراقی لە 26ـی 3ـی 2016ـیشدا بە هیچ شێوەیەك باسی پێشنیارەكان بۆ گۆڕانكاریی وەزاری لەنێوانیاندا نەكراوە".
بە پێی راگەیەنراوەکە سەرۆکی هەرێم ناڕەزیەتی خۆی لە دەسەڵاتدارانی بەغدا لە رێکەوتی 28ـی 3ـی 2016 بە سەرۆك كۆماری عێراق راگەیاندووە.
ئەوەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە:
لە ژمارەیەك میدیا و دەزگەی ڕاگەیاندندا وا بڵاو كراوەتە كە لەبارەی پێشنیارەكان بۆ گۆڕانكارییە وەزارییەكان و لادانی وەزیرەكان و كاندیدكردنی كەسی تر بۆ پۆستە وەزارییەكانی حكوومەتی عێراقی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كردووە. لێرەدا سەبارەت بە پێشنیارەكان بۆ گۆانكارییە وەزارییەكانی حكوومەتی عێراقی و هەڵوێستی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە بەلای سەرۆك بارزانی گۆڕانكاریی وەزاری و كاندیدكردنی كەسی تازە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری یان لادانی وەزیرەكان لە حكوومەتی عێراقیدا بایەخێكی ئەوتۆی نەماوە چونكە بنەمای شەراكەت لە حكوومەتی عێراقیدا پێشێل كراوە و مانای نەماوە. كە شەراكەتیش نەما كورسیی وەزارەت چ بەهایەكی دەمێنێت؟
هەروەها ئەوەیش ڕادەگەیێنین كە لە دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراقی لە 26ـی 3ـی 2016ـیشدا بە هیچ شێوەیەك باسی پێشنیارەكان بۆ گۆڕانكاریی وەزاری لەنێوانیاندا نەكراوە. بەڵكو لە 28ـی 3ـی 2016 لەمبارەیەوە سەرۆك كۆماری عێراق لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كردووە و، تێیدا سەرۆك بارزانی ناڕازی بووە لە نەمانی بنەمای شەراكەت لە حكوومەتی عێراقیدا.
گوتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
29ـی 3ـی 2016