Muhammet Ali Kemal
20 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2016
نەتەوە یەكگرتووەكان
نوێنەری هەمیشەیی ئەمریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایش سامانسا پاوەر سەبارەت بەوەی كە رووسیا پرۆژە بڕیارێكی نوێی پێشكەشی ئەنجوومەنەكە كردووە ئاماژەی بەوە كرد كە رووسیا ئەو بڕیارانە جێبەجێ ناكات كە بوونیان هەیە و ''لەهەوڵی بەلاڕێدا بردنی سەرنجەكان دایە''.
پاوەر لەدوای كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش كە لەسەر داخوازی رووسیا بەشێوەیەكی داخراو بەڕێوەچوو، لە روونكردنەوەیەكدا بۆ رۆژنامەوانان، ئاماژەی بەوە كرد كە رووسیا پێشنیازێكی نوێی پێشكەشی ئەنجوومەنەكە كردووە.
سامانسا پاوەر جەختی لەوە كردەوە كە رووسیا لە رێگەی ئەو پرۆژە نوێیەوە دەیەوێت سەرنجی هەموو جیهان بەلایەكی دیكەدا رابكێشێت و گوتی: ''زۆر باشتر دەبێت ئەگەر رووسیا بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایش كە هەمووان لەسەری رێككەوتووین، جێبەجێ بكات''.
نوێنەری هەمیشەیی ئەمریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە لە كۆتایی ساڵی رابردوودا هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەكە كۆبوونەتەوە و گەیشتوونەتە بڕیارێكی گرنگ، بۆیە پێویستە ماددەكانی ئەو بڕیارە بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە و گوتی: ''ئێمە لە ئێستادا ئەوە دەبینین كە نەخۆشخانەكان لە باكووری سووریا دەكرێنە ئامانجی بۆردومانەكان. ٧٠ هەزار كەس بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە ناچار بوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و بەرەو سنوورەكان بڕۆن. ئازارەكان زۆر گەورەن. پێویستە تیشك بخەینە سەر جێبەجێ كردنی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤''.
پاوەر باسی لەگرنگی هەوڵدانی هەموو لایەنەكان بۆ دابەزاندنی ئاستی گرژییەكان و هەڵسوكەوتی ژیرانە كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە رێگە نەدرێت سەرنجی جیهان جگە لە جێبەجێ كردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش، بەلایەكی دیكەدا ببرێت.
لە بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایش كە لە ١٨ی كانوونی یەكەمدا پەسەندكراوە، ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە بەمەبەستی دەست پێ كردنی پرۆسەی راگوزەری سیاسیی لە سووریا، دەبێت تاوەكو ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەم ئاگربەست فەراهەم بكرێت، دەست بە كارەكانی هەڵبژاردن و دەستووری نوێی وڵات بكرێت و دەستەبەری گەیشتنی هاوكاریی مرۆیی بۆ هەموو ناوچەكانی وڵات بكرێت.
رژێمی ئەسەد و رووسیا لەدوای پەسەندكردنی ئەم بڕیارەوە هێرشە ئاسمانییەكانیان بۆسەر هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و ناوچەكانی نیشتەجێبوون، زیاتر كردبوو، لە حەلەب و ئیدلب نەخۆشخانە و خوێندنگەكان كرابوونە ئامانج و هەزاران كەس لە ماڵ و حاڵیان ببوون.