Muhammet Ali Kemal
06 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2016
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دانیشتنێكی داخراودا دۆخی مرۆیی لە سووریا تاوتوێ كرد. جێگری سكرتێری گشتیی رێكخراوەكە بۆ كاروباری مرۆیی و هەماهەنگیكاری هاوكارییە بەپەلەكان، ستیفن ئۆبرایەن لە كۆبوونەوەكەدا زانیاری دایە ئەندامانی ئەنجوومەنەكە.
لەدوای كۆبوونەوەكەوە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەوانان، نوێنەری هەمیشەیی ئەمریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، سامانسا پاوەر رایگەیاند "رژێمی سووریا بەپێی پێویست كە لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئاگربەستدا هاوكار نەبووە و رێگەی نەداوە بە گەیشتنی هاوكارییەكانی مرۆیی بۆ ئەو ناوچانەی گەمارۆیان لەسەرە".
پاوەر رایگەیاند كە لە سووریا لە مانگی ئاداری رابردوودا بەراورد بە مانگی پێشتر توانراوە رێژەیەكی كەمتر لە خواردەمەنی بگەیەنرێتە ئەو ناوچانەی كە گەمارۆدراون و گوتی: ''لەساڵی ٢٠١٢ەوە نەتونراوە تەنانەت یەك گرام خۆراك لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بگەیەنرێتە شاری دەرعا''.
هەفتەی رابردوو لە لێدوانێكدا ستیفن ئۆبرایەن، رایگەیاندبوو "زانیاری ئەوە گەیشتووەتە بە نەتەوە یەكگرتووەكان كە خەڵك لە دەرعا لەتاو برسێتیی دەستیان داوەتە خواردنی گژوگیا".
لەمیانی گوتەكانیدا پاوەر وێنەیەكی نیشان دا كە لە شاری مەزایاوە نێردراوە و ئاماژەی بەوەكرد كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ویستوویەتی ئەو مێردمنداڵەی نێو وێنەكە بەهۆی نالەباری دۆخی تەندروستییەوە لە شارەكە بەرێتە دەرەوە، بەڵام رژێم رێگەی نەداوە و سەرەنجام ئەو مێردمنداڵە كە تەمەنی ١٤ ساڵە گیانی لەدەستداوە.
سامانسا پاوەر داوای لە هەموو ئەو لایەنانە كرد كە كاریگەرییان لەسەر رژێمی سووریا هەیە تاوەكو فشار بخەنە سەری بۆ ئەوەی رێگە بە تێپەڕینی هاوكارییە مرۆییەكان بدات و رایگەیاند ''ئەگەر بێت و فشاری پێویست بخرێتە سەر رژێمی سووریا ئەوا دەتوانێت هەنگاوی پێویست لەوبارەیەوە بهاوێژێت. بۆ ئەوەی بتوانرێت گیانی ئەو كەسانە رزگار بكرێت كە خۆراكی پێویستیان دەستناكەوێت، دەبێت فشاری زۆر گەورە بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی رژێم''.
لای خۆیشییەوە نوێنەری هەمیشەیی بەریتانیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ماتیو رایكرۆفت لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكرد كە ئۆبرایەن سەبارەت بە دۆخی سەختی مرۆیی لە سووریا زانیاری گرنگی داونەتێ و جەختی لەوەكردەوە كە رژێمی سووریا پێویستە رێگەی تەواو بە گەیشتنی هاوكارییە مرۆییەكان بدات.