لەندەن
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا دێڤید كامیرۆن رایگەیاند زۆربەی ئەو كەسانەی لە هێرشەكەی دوێنێی شاری سووسە رۆژهەڵاتی توونس، كوژران هاووڵاتی بەریتانی بوون.
كامیرۆن كە دوای كۆبوونەوە بە پەلەكەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی وەزیران روونكردنەوەیەكی دا، رایگەیاند؛ "هێرشەكانی تێرۆریستی وەحشیانەی دوێنێی توونس، كوێت و فەڕەنسا نیشانەی ئەو هەڕەشە تاڵ و ترسناكەیە كە جیهان لەسایەی ئەم تێرۆریستە شەیتانانەوە بەرەوڕووی بووەتەوە".
كامیرۆن ئاماژەی بەوەكرد لە كۆبوونەوە بەپەلەكەی ئەم بەیانییەی كابینەی حكومەتەكەیدا بە تایبەتی باسی هێرشەكەی دوێنێی شاری سووسەی توونسیان كردووە كە تێیدا ٣٨ كەس كوژران و رایگەیاند "هەموو ئەو كەسانە كە بەهۆی هێرشەكەوە زیانیان پێگەیشتووە هاوكاری دەكرێن".
سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند بەمەبەستی دیاریكردنی ژمارەی ئەو هاووڵاتییە بەریتانیانەی لە هێرشەكەدا كوژراون لەپەیوەندیدان لەگەڵ بەرپرسانی توونس و گوتی:" بەداخەوە داینشتوانی بەریتانیا دەبێت خۆیان بۆ ئەو راستییە ئامادە بكەن كە زۆرینەی ئەوانەی لە رووداوەكەدا كوژراون هاووڵاتی بەریتانیان".
كامیرۆن راشیگەیاند دوێنێ قسەی لەگەڵ سەركۆماری توونس ئەلباجی قاید ئەلسیبسی كردووە و تاوتوێی ئەوەیان كردووە كە دەتوانن پێكەوە بە چ شێوازێك بەرەنگاری هەڕەشەی تێرۆر ببنەوە.
بەریتانیا لەدوای هێرشەكەی دوێنێوە تیمی پشتیوانی و پۆلیسی لە كونسوڵخانەی وڵاتەكەیەوە بۆ شاری سووسە نارد. لەم نێوەندەشدا ئاستی رێوشوێنەكانی ئەمنی بەرزكرایەوە لەبەرامبەر ئەگەری هەر هەڕەشەیەكی تێرۆریستیدا بۆ سەر مەراسیم و رێپێوانی هێزەكانی چەكدار كە بڕیارە كۆتایی ئەم هەفتەیە لە بەریتانیا ساز بكرێت.
لەلایەكی دیكەوە نووسینگەی گەشتیاری تۆمسن و فێرست چۆیس بەمەبەستی گەڕاندنەوەی دوو هەزار و ٥٠٠ گەشتیاری وڵاتەكەیان كە لە توونسن ١٠ فڕۆكەیان ناردووە.