کۆشکی سپی رایگەیاند: ئەمریکا بۆ ھاوکاریی عێراق لە دژی رێکخراوی ئەلقاعیدە،کەرەستەی سەربازیی دەداتە حکومەتی ئەو وڵاتە.
جەیگارنی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا، لەبارەی توندوتیژیی لە عێراق رایگەیاند: ئەمریکا پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ھەیە و لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق بۆ چۆنێتی درێژەدان بەو پەیوەندییانە و بەرەنگار بوونەوەی ئەلقاعیدە تاوتوێ دەکەن.
گارنی، لەبارەی لێدوانی جۆن کیری بۆ ھاوکاریی حکومەتی عێراق کە وتبووی هێزی سەربازیی رەوانەی عێراق ناکەنەوە، گوتی: "کیری پێیوایە شەڕی ئەنبار پەیوەندیی بەناوخۆی عێراقەوە ھەیە. بەڵام ئەو قسانە بەمانای ھاوکاریی نەکردنی عێراق نایێ، ئێمە ھاوکاریی حکومەتی عێراق دەکەین و بۆ لەناوبردنی گروپەکانی ئەلقاعیدە، لەگەڵ عێراقیەکان بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی گشتگیر کارمان کردووە."
گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرایکرد: واشنتۆن ئامادەکاریی دەکا بۆ ئەوەی کەلوپەلی سەربازیی رەوانەی عێراق بکات و تا وەرزی بەھاری ئەمساڵ، چەند دانە موشەکی دیکەی ھیلفایر کە تایبەتمەندییەکی بچووکی ئەو ستراتیژیەمانە، دەنێرن بۆ حکومەتی عێراق.
بێجگە لە موشەکی ھیلفایر، لە ئایندەیەکی نزیکدا ١٠ دانە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە جۆری سکانیاگڵی و ٤٨ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە جۆری راڤان رەوانەی عێراق دەکەن. مانگی ئەیلولی ٢٠١٣ ، واشنتۆن باڵۆنی چاودێریی ئیرۆستات و مانگی رابردوویش سێ ھەلیکۆپتەری بێل ٤٠٧ داوە بە عێراق بە گشتی ژمارەی ئەو ھەلیکۆپتەرانەی ئەمریکا فرۆشتوویەتی بە عێراق، گەیشتۆتە ٣٠ ھەلیکۆپتەر.