Hemin Hüseyin
13 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2018
هەولێر-AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای کرد و ئاماژەیشی بەوەشکرد کە بڕیاری کردنەوە فڕۆکەخانەکانی هەرێم دەستپێکێکی گرنگە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا گوتی: "ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند کە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بە شێوەیەکی فەرمیی دەکرێتەوە و، ئێمەش وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەم هەنگاوە گرنگە دەکەین و، ھیوادارین کێشەکانمان لە چوارچێوەی دەستوور لەگەڵ عێراق چارەسەر بکرێت. سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی و، ھەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ماندوو بوون بۆ ئەوەی ئەم کارانە بە ئەنجام بگەن و بابەتی فڕۆکەخانەکان پەیوەندی بە زۆر شتەوە هەیە و هیوادارین هەنگاوەکانی دیکەی بە دواوەبێت وەکو بابەتی مووچە و کێشەکانی دیکەش لە چوارچیوەی دەستووری عێراقدا چارەسەری بکەین".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان هەندێک رێککار و کاری دەستووری هەیە و، ئەوەی ئێمە لەسەری رێککەوتووین ئەو رێککارەیە کە دەبێت بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان لەو چوارچێوەیەدا بێت و، وەزیری ناوخۆی عێراقیش سەردانی هەولێر دەکات، مەحزەر هەیە و ئامادەکراوە".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەبارەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "گومانی تێدا نییە کە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان زۆر نیگەرانن و ھیوادارین ھەلێک ھەبێت، تاوەکو دووبارە پێداچوونەوە بە یاسای بوودجەدا بکرێت و داواکاریی ھاووڵاتییان بە ھەند وەربگیرێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە دوێنێ شەو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان خۆی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەخت لە دوو خاڵ کراوەتەوە کە ئەوانیش کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و ناردنی مووچەی ھەندێک لە فەرمانبەران بووە. ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەی دووبارە کردەوە کە هەندێک لەو مووچەیە دەنێرێت و ئێمەش چاوەڕوان دەکەین".
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "زوڵمێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان کرا لە بوودجەی گشتیی عێراق، ئەگەر ھاووڵاتییانی کوردستان بەشێکن لە عێراق، نابێت بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بەداخەوە لە یاسای بوودجەدا بەھیچ شێوەیەک ئەوە رەچاو نەکراوە. ئەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان دانراوە زۆر کەمترە لەو شایستانەی کە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان هەیانە و، خۆشحاڵین کە سەرکۆماری عێراق رەتی دەکاتەوە. ھیوادارین فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراقیش بە جددی ھەڵوەستە بکەن لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێک لەمبارەیەوە".
لە بارەی تیرۆرکردنی کادیر و ئەندامانی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە بە روونی و دیاریکراوی ھیچ لایەنێک بە ئەنجامدەری ئەو کردەوانە تۆمەتبار ناکەین، بەڵام ئێمە لە حکوومەت لە بەرامبەر ھەر کردەوەیەکی تیرۆر، بەپێی یاسا و رێککاری دادگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەجووڵێینەوە و، بێگومان ھەنگاوی پێویست بۆ ئەو کارانە دەگرینە بەر".