Zana Natık Kerem
14 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2018
واشنتۆن ــ AA
دوێنێ سێشەممە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە هەنگاوێكی چاوەڕواننەكراودا وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی، رێكس تیلەرسن لە پۆستەكەی دوورخستەوە و لە شوێنی ئەو بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA)، مایك پۆمپیۆی دەست نیشانكردووە.
لە تویتێكدا، ترەمپ نووسيبووی "بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی، مایك پۆمپیۆ دەبێتە وەزیری نوێی دەرەوە و كاری باش ئەنجام دەدات، سوپاسی رێكس تیلەرسن دەكەم لە بەرامبەر كار و خزمەتەكانی كە لە ماوەی بوونی بە وەزیری دەرەوە ئەنجامی داون".
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان بڵاویانكردووەتەوە، هۆكاری ناكۆكییەكانی نێوان ترەمپ و تیلەرسن بۆ شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران و كۆریای باكوور دەگەڕێتەوە و لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزیری لادراوی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند كە تیلەرسن كاتێك تویتەكەی ترەمپی خوێندووەتەوە زانیویەتی لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوە.وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ تەمەن 54 ساڵ لە 30ی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 1963 لە شاری ئۆرانج سەر بە ویلایەتی كالیفۆرنیا باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە چاوی بە ژیان هەڵهێناوە.
مایك پۆمپیۆ، ئەفسەری هەواڵگریی و سیاسییە و سەر بە پارتی كۆمارییە، هەروەها بە داڵەكانی ئیدارەی ترەمپ لەقەڵەم دەدرێت كە لە 20ی كانوونی دووەمی ساڵی 2017 بوو بە بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریكا (CIA).
مایك پۆمپیۆ لە ساڵی 1986 بۆ ساڵی 1991 دەستی بە خزمەتكردن لە سوپای ئەمریكادا كردووە و دواتر لە ساڵی 1994دا چووەتە كۆلێژی یاسا لە زانکۆی هارفارد و دوای دەرچوونی دەستی بە كاری پارێزەری لە كۆمپانیای ویلیامز ئاند كۆنۆلی بۆ پارێزەران كردووە.
لە ساڵی 1998، مایك پۆمپیۆ دەستی بە كاركردن لە بواری وەبەرهێنان كردووە و كۆمپانیای سایر ئەبرۆسپێسی دامەزراندووە و دواتر لە هەڵبژاردنەكانی ساڵانی نێوان 2011 و 2017 بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر ویلایەتی كەنساس هەڵبژێردرابوو.
هاوكات مایك پۆمپیۆ لە 23ی كانوونی دووەمی 2017 لە لایەن ترەمپەوە كرایە بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی.
لە شوباتی 2017دا، مایك پۆمپیۆ بە جیا سەردانی توركیا و سعوودیەی كردبوو كە لە میانیدا دوایین پێشهاتەكانی رەوشی سووریا، بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی داعشی لەگەڵ سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان تاوتوێكردبوو، هەروەها چاوی بە جێنشینی پێشووی سعوودیە، محەمەد بن نایف كەوتبوو.
مایك پۆمپیۆ تایبەت بە ژمارەیەك پرس هەڵوێستی سیاسی هەبووە كە جێگەی هەڵوەستە و مشتومڕن لەوانە:
ــ ئیسلاموفبیا
لە گوتارێكدا لە ساڵی 2013 كە رۆژنامەی (The Hill) بڵاوی كردبوویەوە، مایك پۆمپیۆ رایگەیاندبوو "سەركردەكانی موسڵمانان كە ئیدانەی كردە تیرۆریستییەكان كە بە ناوی ئیسلامەوە ئەنجام دەدرێن ناكەن، لەوانەیە لەو هێرشانە تێوەگلابن".
مایك پۆمپیۆ گوتبووی "زۆربەی ئەو هێرشە تیرۆریستانەی كە لە 20 ساڵی رابردوودا ویلایەتە یەكگرتووەكان بە خۆیەوە بینویەتی لە لایەن ژمارەیەك كەسەوە ئەنجامدراون كە سەر بە یەك ئایینن و بە ناوی ئەو ئایینەوە ئەنجامدراون، بۆیە پێویستە لەسەر سەركردەكانی موسڵمانان ئەوە رابگەیەنن كە هیچ پاساوێك بۆ تیرۆر نییە و زانایانی ئایینی ئیسلام كردەوە تیرۆریستییەكان ئیدانە بكەن".
ئەم لێدوانەی مایك پۆمپیۆ لە لایەن ئەنجوومەنی پەیوەندییەكانی ئەمریكی ـ ئیسلامی ئیدانە كرا كە ناوبراو داوی هەڵوەشاندنەوەی كردبوو.
ــ ئیسرائیل
مایك پۆمپیۆ لە میانی سەردانێكی بۆ ئیسرائیل كە لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2015، ئەنجامی دابوو رایگەیاندبوو كە سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو هاوبەشێكی راستەقینەی گەلی ئەمریكایە.
ئەو كات رۆژنامەی هائارێتز بڵاوی كردبووەوە كە مایك پۆمپیۆ ئەوەشی گوتبوو: "لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە تیرۆر، هاوكارییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریكا بەردەوامیان دەبێت".
ــ ئێران
پێشتر مایك پۆمپیۆ رێككەوتنی ئەتۆمی كە لە نێوان ئێران و وڵاتانی (5+1) لە ساڵی 2015دا، واژوو كراوە رەتكردبوویەوە، هەروەها بە كارەسات وەسفی كردبوو.
رۆژنامەی (Huff Post) بڵاوی كردبوویەوە كە مایك پۆمپیۆ گوتوویەتی: "دەڕوانمە پاشگەزبوونەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی كە لەگەڵ گەورەترین وڵاتی پاڵپشتیكار لە تیرۆر لە جیهان، واژووكراوە".
ــ كۆریای باكوور
مایك پۆمپیۆ لە بارەی دۆسیەی كۆریای باكوور رایگەیاندووە بە پێویستی دەزانێت، ئەو سیستەمەی كە ئێستا لە كۆریای باكوور پەیڕو دەكرێت، بگۆڕدرێت.
لە تەمووزی ساڵی 2017دا، رۆژنامەی (The Hill) بڵاوی كردبوو كە مایك پۆمپیۆ ئەو كات گوتبووی "كارێكی باش دەبێت، ئەگەر چەكی ئەتۆمی لە نیمچە دوورگەی كۆریا دابماڵدرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەوەی زیاتر بۆ رەوشی نیمچە دوورگەی كۆریا مەترسیدار دەبێت، ئەوەیە سەرۆكی كۆریای باكوور لە ئێستادا حكومڕانی دەسەڵات لە وڵاتەكەی دەكات".
ــ رووسیا
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2017دا لە لێدوانێكدا كە میدیاكانی ئەمریكا بڵاویان كردبوویەوە، مایك پۆمپیۆ لە بارەی رووسیاوە رایگەیاندبوو، رووسیا ئۆكراینای داگیركردووە و هەڕەشە لە ئەورووپا دەكات، تەنانەت هیچ یارمەتییەك پێشكەش ناكات بە ئامانجی شكستهێنان بە داعش.
هەروەها ئەو كاتە مایك پۆمپیۆ لەو زانیارییانەی كەمكردەوە كە باسیان لە دەستوەردانی رووسیا دەکرد لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە بەرژەوەندی ترەمپ.
بەڵام كاتێك ترەمپ پشتراستیكردەوە كە هاوتا رووسییەکەی، ڤلادیمیر پوتین رەتی كردبوویەوە رووسیا دەست لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا وەردابێت، مایك پۆمپیۆ زۆر بە توندی پاڵپشتی لە هەڵسەنگاندنەكانی ئەمریكا لە بارەی دەستوەردانەكانی مۆسكۆ لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا كردبوو.
مایك پۆمپیۆ بە داڵەكانی رەوتی دژ بە مۆسكۆ دادەنرێت كە ڤلادیمیر پوتین بە سەركردەیەكی مەترسیدار وەسفی كردووە.
ــ گرتووخانەی گوانتانامۆ
مایك پۆمپیۆ داخستنی گرتووخانەی گوانتانامۆی رەت كردووەتەوە، هەروەها رەخنەی لە هەمبەر بڕیاری داخستنی گرتووخانە نهێنییەكان كە لە لایەن هەواڵگریی ئەمریكا لە دەرەوە بەڕێوە دەبرێن رەخنەی لە ئیدارەی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، باراك ئۆباما گرتبوو.
دوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا لە بارەی ئەشكەنجەدان لە گرتووخانەكاندا، مایك پۆمپیۆ بەرگری لە هەواڵگریی ئەمریكا كردبوو و گوتبووی: "ئەوانەی لە گرتووخانەدان چی پیاو یان ئافرەت كە چاودێری زیندانیكراوەكان دەكەن، جەلاد نیین بەڵكو كەسانی نیشتمانپەروەرن و لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا مامەڵە دەكەن".
لێدوان و هەڵوێستەكانی رابردووی وەزیری نوێی ئەمریكا لە دۆسیەكاندا، وای كردووە بكەوێتە چوارچێوەی داڵەكانی ئیدارەی ترمپ كە ئەوەش رەنگدانەوەی لەسەر سروشتی كاركردنی وەزارەتەكە دەبێت كە پشت دەبەستێت بە کاری دیپلۆماتی نەوەک هەواڵگریی.