ھەولێر
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ھاوسەرۆكی كەنەكە نیلۆفەر كۆچ، سیاسەتمەداری كورد محەمەد ئەمین پێنجوێنی، ئەندامی كەنەكە دكتۆر كامەران بەرواری، وەزیری پێشووی دادی ھەرێمی كوردستان فاروق جەمیل و ژمارەیەك لە ئەندامانی دیكەی كەنەكە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی لە ھەولێر بەرێوە چوو و تێیدا پشتگیری لە ھەدەپە كرا.
ھاوسەرۆكی كەنەكە نیلۆفەر كۆچ لە كۆنگرەكە بە پێویستی زانی كە كۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت و ھەروەھا وێرای پشتگیری لە ھەدەپە گوتی: "دەركەوتن و سەركەوتنی ھەدەپە و پشتگیری كردنی ئەركێكی نشتیمانیمانە، ئەمڕۆ وەك بەرخودانی كۆبانێ با یەكگرتوو بین تا باكوور سەركەوێت، ھەڵبژاردنی توركیا تەنیا ھەڵبژاردنی یەك حزب نییە، ئەگەر ئێمە وەك كورد بتوانین سەركەوتوو بین و بچین بۆ پەرلەمانی توركیا ئەو كات پەرلەمان لە سەر دەستوری نوێ كار دەكات و ئەگەر ئێمە نەچین بۆ پەرلەمان ئێتر كورد ئینكار دەكرێت".
ھەروەھا نیلۆفەر كۆچ رەخنەی لە حكوومەتی ئاك پارتی گرت و گوتی: "پشتگیریكردن لە ھەدەپە شكاندنی داعش و سەركەوتنە بۆ ھەر دوو پارچەی كوردستان لە باكوور و رۆژئاوا،و ئەوەیش لە كاتێكدایە كە دەوڵەتی سووریا بە سوپایەكی زلھێزی و حكوومەتی عێراق بەچەندین ھەزار لە هێزەكانی ئەمنی نەینتوانیەو خۆیان بپارێزن، بەڵام شەرڤانان دەتوانن شاخی عەبدلعەزیز رزگار بكەن ئەوەیش ئیرادەی گەلی كورد پێشاندەدات".
سیاسەتمەداری كورد محەمەد ئەمین پێنجوێنی لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسیەدا گوتی: "ھەر كاتێك بزووتنەوەی ئازادی و رزگاریخوازی كورد گەیشتبێتە قوناغێكی باش ئەوا دوژمنان بە پیلان تێكیان داوە و ئێستا ئێمە بەرەو ئامانجەكانمان دەڕوین و دەبێت وریا بین تا دوژمنان پیلانگێری لە سەر بزووتنەوەی كورد نەكەن و لە باشوور ئێمە بەرەو سەربەخۆیی ئابووری و كۆمەڵایەتی دەڕوین و سەربەرزیە كە ھێزەكانی كورد بە پێشمەرگە و شەرڤانان توانیانە بەرخودانی كۆبانێ سەر بخەن".
پێنجوینی لە درێژی قسەكانیدا گوتی: "سەركەوتنی ھەدەپە لە پەرلەمانی توركیا دەبێتە بزووتنەوەی مێژوویی وھەموو جیھان چاوی لە سەر ئەو ھەڵبژاردنەیە و ئەم قۆناغە چارەنووسازە بۆ نەتەوەی كورد و دەبێت ئێمە یەكریزی یەكتر بپارێزین".