ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و سەرۆک بەشەکان و ماموستایانی ئەم زانکۆیە دکتۆر یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سمینارێک بە ناونیشانی "پلان و تێڕوانینی نوێ بۆ ریفۆرمی خوێندنی باڵا" پێشکەش کردەوە و زیاتر جەختی لە سەر ریزبەندی نیشتمانی بۆ زانکۆکانی ھەرێم کردەوە.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د.یووسف گۆران بۆ ئامادەبووان گوتی "زانکۆی سەڵاحەدین ھەر چەندە یەکێکە لە کۆنترینی زانکۆکان بەڵام ژێرخانی زانستی باشی نییە و دەبێ لە ماوەیەکی نزیکدا چاکسازی تێدا بکرێت و بۆ دەسپێکی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ریزبەندی نیشتمانی بۆ زانکۆکان دەکەین ئەویش بەپێی رێنماییەکانی جیھانی و ئەو چالاکی و داتای زانستی کە لە توێژینەوەکان بەدەستیان ھێناوە دەبێت".
یووسف گۆران گوتی: "ئێمە دەمانەوێت لە زانکۆکان سەربەخۆی زانستی و ئاکادیمی ھەبێت و با یاساکان بگۆڕدرێن و ھەروەھا ئێمە ناوەندێکی تایبەت بە داھێنانمان داناوە و چالاکییەکانی ئاکادیمی بڵاو دەکەینەوە با پرسی زانکۆکان وەک خەمی گشتی لە نێو کۆمەڵگە تاوتۆی بکرێتەوە و چۆنیەتی مقارنەکردنەوەی خوێندن لە گەڵ جیھان بزانین".
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە درێژی قسەکانیدا گوتی: "لە ئەورووپا چەندین ساڵ بەر لە ئێستا ناوەندی زانستی جیھانی دروست بووە کە نزیکەی ٤٨ وڵات ئەندامی ئەو ناوەندەن کە ناسراوە بە 'بۆلونیا پرۆسێس' ئەو ناوەندە وڵاتێک وەک بلارووسیا ماوەک بەر لە ئێستا بوو بە ئەندامیان و وڵاتێک وەک تورکیا لە ماوەی پێنج ساڵ توانیویە خۆی بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە لەو ناوەندە وەربگرنەوە بۆ ئێمە نەتوانین ئێمە دەبێ لە ئێستاوە دەست پێ بکەین".
لە ھەرێمی کوردستان ٥٧٩ بەشی زانستی خوێندن ھەیە کە نزیکەی سەد و شەش ھەزار خوێندکار و قوتابی هەیە و ژمارەی مامۆستایان لە ھەموو ھەرێمی کوردستان گەیشتووە حەوت ھەزار و دوو سەد و ٥٨ کەس.