Hemn Husain
29 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2016
هەولێر
130 کۆچبەر کە بە شێوازێکی نایاسایی چووبوونە تورکیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەڕێنرانەوە هەرێمی کوردستان.
بەهۆی شەڕی داعش و درووسبوونی قەیرانی دارایی وتێکچوونی بارودۆخی عێراق بە گشتی، ماوەی دوو ساڵە شەپۆڵێکی کۆچکردن لە عێراقەوە بەرەو ئەورووپا دەستی پێکردووە و لەم پرۆسەیەشدا چەندین جار هەواڵی دڵتەزێن دەبیستین و دواجاریش وڵاتانی ئەورووپا بۆ رێگەگرتن لەم دیاردەیە چەند بڕیارێکیان دەرکرد و لەو چوارچێوەیەشدا تورکیا چەند رێنماییەکی بۆ پێدانی ڤیزا دەرکرد و کۆچبەرانیش ماوەیەکە بە رێگای نایاسایی هەوڵی چوونە ژوورەوەی ناو خاکی تورکیا دەدەن و تا لەوێ بەرەو وڵاتانی ئەورووپا کۆچ بکەن.
زۆرێک لەوانەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەرۆنە ناو خاکی تورکیا، دەستگیر و رەوانەی وڵاتی خۆیانییان دەکەنەوە و ئەمڕۆش 130 کەس لەوانەی بە شێوەیەکی نایاسایی رۆیشتبوونە ناو خاکی تورکیا، لەلایەن تورکیاوە رەوانەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرانەوە.
هەرچەندە دیپۆرتکراوەن رێگایان نەدەدا وێنەیان بگیرێت بەڵام بەشێکیش لە کۆچبەرەکان کە چەند جارێک بە ئومێدی گەیشتن بە ئەورووپا رۆیشتبوون و دواتر دەستگیرکرابوون، ئاماژەیان بە چۆنییەتی رۆیشتن و دەستگیرکردن و ناردنەوەیان دەکرد.
یەکێک لە دیپۆرتکراوەکان بەناوی جەمبەلی خەمبۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من خەڵکی خانکێی سەر بە شارەدێی سمێلی پاێزگای دهۆکم و لەگەڵ 9 خانەوادەی دیکە بە رێگای قاچاغ رۆیشتین و دواتر لەلایەن پۆلیسی تورکیا دەستگیرکراین و دوای 23 رۆژ مانەوەمان لە شاری ئەدەنە رەوانەی هەرێمی کوردستان کراینەوە".
لەبارەی خەرجییەکانی ئەو لەو رێگایەدا، جەمبەلی خەمبۆ گوتیشی: "نزیکەی هەزار دۆلارم خەرجکردووە بەڵام ئەگەر کارێکم هەبوایە ئەوا نەدەڕۆیشتم، چونکە من کەمئەندامم و پێشمەرگەشم".
ئەو کۆچبەرانە هەموویان خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی عێراقن و بەشێکیان خەڵکی دەوروبەری شاری دهۆکن و ئێزدین و یەکێک لەو کۆچبەرانەش ئافرەتێک بوو کە نەیویست بەرامبەر زوومی کامێراکە قسە بکات بەڵام ئاماژەی بەوەکرد کە مێردەکەی رۆیشتووە و دەربازی بووە و ئێستا گەیشتووەتە وڵاتی ئەڵمانیا بەڵام بۆخۆی و دوو مناڵی ئێستا ماونەتەوە و ناتوانن دەربازبن.
یەکێکی دیکە لەو کۆچبەرانە ناوی عەزیز قاسم بوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من تا ئێستا 17 جار بۆ ئەو رێگایە رۆیشتوومە و دەرنەچوومە و داواش دەکەم ئەگەر حکوومەت مانگانە بڕی 300 هەزارم پێبدات، ئیتر واز لە رۆیشتن دەهێنم و خزمەتی وڵاتی خۆم دەکەم".
لەبارەی چۆنیەتی ناردنەوەیان لە وڵاتی تورکیا، ئەو کۆچبەرە ئاماژەی بەوە کرد کە لە رێگای باڵیۆزخانەی عێراقەوە بەڵگەنامەی دەرچوونییان بۆ درووستکراوە تا بتوانن لە رێگای فڕۆکەخانەی ئەتاتورکەوە بگەڕێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.
عەزیز قاسم گوتیشی: "لە رێگای باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتی تورکیا، بەڵگەنامەی دەرچوونمان بۆ درووستکرا بۆ یەکجار بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگای لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک بگەڕێینەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر".
ئەو کۆچبەرانە بەشێکیان خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بوون و بەشێکی دیکەشیان خەڵکی دەوروبەری دهۆک و لە ئایینی ئێزدی بوون و لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆر لە منداڵ لەناو ئەو کۆچبەرانەدا دەبینرا.