غەزە
وەزیری تەندروستی حکوومەتی فەڵەستین موفدی ئەل موهالەلاتی لە غەزە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، داخستنی دەروازەی سنوریی رەفهح، کاریگەرییەکی نەرێنیی جدی کردووەتە سەر کار و چالاكیی وەزارەت و دامەزراوەکانی سەربە وەزارەت.
موهالەلاتی ئاماژەی دا، دوابەدوای داخستنی دەروازەی سنوریی رەفهح، لە غەزە دەرمانە ئەمبارکراوەکان بەڕێژەی ٣٠% کەمیان کردووە و بەهۆی کێشەی دەرمانەوە، چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشەکان ئەنجام نادرێ و گوتی "دەرمان لە غەزە لە تەنگژەدایە".
موهالەلاتی ههروهها گوتی "نزیکەی هەزار هاونیشتمانی فەلەستینی کە لە نەخۆشخانەکانی میسر چارەسەیان بۆ دەکرێ، بەهۆی داخستنی دەروازەی سنوریی رەفهحهوه چارەسەریان بۆ ناکرێ. دۆخی ئێستا رێگرە لەبەردەم هاتنی دەیان پزیشکی خۆبەخش کە لە ناوچە جیاوازەکانی دنیاوه دەیانەوێ بێن لە غەزە خزمەت بکەن".
موهالەلاتی ئاماژهی بۆ ئەوە کرد، زیانی گهوره له مانەوەی ئەم دەروازەیە بەداخراوی، بە نەخۆشەکانی دڵ و گورچیلە دەگەیەنێ. لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە رێگا نەدراوە بەهیچ تیمێکی پزیشکی سەردانی غەزە بکا. هەروەها هەبوونی کێشەی سووتەمەنی لە غەزە و نەبوونی کارەبا بۆ ماوەی ١٢ سەعات، کێشەی جدی لە بواری تەندروستیدا خولقاندووه.
ئهوهیشی ئاشكرا كرد بۆ تێپەڕاندنی ئەم تەنگژەیە لە غەزە، لە کاری هاوبەش لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن.
لە غەزە لەگەڵ مانگی سووری تورکی و ئاژانسی کۆردیناسیۆن و هاوئاهەنگی تورکی بەشێوەیەکی هاوبەش کار دەکەن.
موهالەلاتی داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکا، کۆتایی بە ئابڵوقەی سەر غەزە بێنێ و فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی رێگە بە هاتنەناوەوەی پێداویستی تەندروستی و کەرەستە سەرەتاییەکانی بیناسازی بدا. هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی میسریش دهكا دەروازەی سنوریی رەفهح بۆ هاتوچۆکردنی هەر دوولا بکاتەوە.
راشیگەیاند، داخستنی ئەم دەروازەیە لە ١ی تەمموزەوە، گورزی لە کەرتی تەندروستی، گواستنەوە و گەیاندن و پڕۆژەکانی شارەوانی غەزە وەشاندووە.
بەهۆی ئابڵوقەی ئیسرائیل لەسەر غەزە دەروازەی سنوریی رەفهح تاکە دەروازەی ئەو شارە ١.٨ ملیۆن کەسییەیه بەڕووی دنیادا.