کەرکوک
رووداوەکە سەعات ٨:٤٥ ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەناوچەی (کەیوان) لەڕۆژئاوای شاری کەرکوک، روویداوەو کەسێکی خۆکوژ بەئوتۆمبیلەوە چووەتە گەراجی سەربازگەی کەیوان کە بارەگای فیرقەی ١٢ی سوپای عێراقی لێیە.
بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان کە لەسەرزاری (عەمید سەرحەد قادر) بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک دراوەتە AA بێجگە لەخۆکوژەکە، دوو سەرباز کوژراون و ١١ سەربازی دیکە برینداربوون، راگەیەنراوە حاڵی چوار لەبرینداران زۆر خراپەو مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە.
عەمید سەرحەد گوتی " خۆکوژەکە دەرفەتی ھێناوە لەکاتی کۆبوونەوەی چەند کەسێک لەسەربازانی پێشووی سوپای عێراق کە بەتەمابوون ناوی خۆیان تۆمار بکەن تا بگەڕێنەوە ناو سوپا، خۆی تەقاندووەتەوە"
ھێشتا ھیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی پەلامارە خۆکوژییەکەی نەخستووەتە ئەستۆی خۆی.