ھەولێر
پارێزگاری ھەولێر (نەوزارد ھادی) رایگەیاند: لەدوای گەیشتنی ئەو کوردانەی لەسوریاوە پەڕیونەتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، لەسنووری پارێزگای ھەولێر کەمپێکی تازەیان بۆ دروستکراوەو بڕیارە لەداھاتوو فراوانتری بکەن.
بەکردنەوەی کەمپە تازەکە لەسنووری ھەولێر، ئەوە سێیەمین کەمپی ئاوارەکانی سوریایە لەھەرێمی کوردستان کەمپەکانی (دۆمیز لەدھۆک، عەربەت لەسلێمانی) پارێزگاری ھەولێر گوتی" لەبەر نەمانی جێگەی نیشتەجێبوون بۆ ئاوارەکان لەکەمپی (دۆمیز) دوو ھەزار پەنابەری ئەو کەمپە ھێنراون بۆ شاری ھەولێر".
کەمپەکە ٣٠ کیلۆمەتر لەھەولێرەوە دوورەو ٥٠٠ خێزانی تێدا نیشتەجێ دەکرێن. ھەروەھا کۆمیسۆینی پەنابەرانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان ھاوکاری لەدروستکردنی کەمپەکەدا کردووە، بڕیارە نەخۆشخانەی کاتی و بنکەی ئاسایشپارێزی لەھێزی پێشمەرگە بۆ دابنرێت.
لەڕۆژی یەکەمی دروستکردنی کەمپەکە لەسەر حەرجی خێرخوازانی شاری ھەولێرو دەروربەری خواردن پێشکەشی ئاوارەکانی سوریا کراو پێشمەرگەکان دابەشیانکرد بەسەریاندا .
پەنابەران، دوای دەربازبوونیان لەگەرماو چاوەڕووانیی سەرسنوور، سوپاسگوزارییان دەربڕی بەرامبەر یارمەتیدانی حکومەتی ھەرێم.
بەگوێرەی قسەی پارێزگاری ھەولێر، ئێستا نزیکەی ٣٥ ھەزار پەنابەری سوریایی لەپارێزگای ھەولێر دەژین و بەشی زۆریان لەکەمپدان.