ھەولێر
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ نوجێفی وەکو کەسی یەکەمی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی دیدارو وتووێژی لەگەڵ بارزانی کردووە، بۆیە فراکسیۆنی گۆڕان ئامادەی کۆبوونەوەکەی نێوانیان نەبوون.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەتیف شێخ مستەفا، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان داوەتی کردبوون بۆ کۆبوونەوەی نێوان ئوسامە نوجێفی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و مەعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان گوتی: "ئوسامە نوجێفی و شاندەکەی ھاوڕێی کە چوون بۆ لای مەسعود بارزانی، وەکو کەسی یەکەمی لیستی ھاوپەیمانی کوردستان چوون، ئێمەیش لەنێو لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی نیین و لیستێکی سەربەخۆین لە پەرلەمانی عێراق."
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاشکرایکرد نوجێفی لەسەر پێشنیازی ژمارەیەک پەرلەمانتار، سەردانی کەسانی یەکەمی نێو لیستەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات، ھەروەھا بێ ئاگایی خۆی نیشاندا لەوەی ئوسامە نوجێفی سەردانی نەوشیروان مستەفا وەکو کەسی یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات یان نا.
رۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەم، ھەر یەکە لەسەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.