Hemn Baban
27 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2016
سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ نوێنەرانی 11 حزب و لایەنی سیاسی توركمانی لەهەولێر كۆبوونەوە بۆ گوێگرتن لێیان لەسەر بۆچوونییان لەسەر رێككەوتننامەكە و خستنەرووی وردەكارییەكانی، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی محەمەد ئیلخانی دەڵێت "ئومێد دەكەین تەوافوقی نیشتمانی لەگەڵ رێككەوتننامەكە هەبێت و قۆناغی دووەمی ئەوە بێت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بگەن بە چارەسەر".
ئەندامێكی شاندە هاوبەشەكە دەڵێت رێككەوتننەكەیان و ئەو ئیئتیلافەی بۆ فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان دروست دەكرێت لەبەردەم لایەنە توركمانییەكاندا كراوەیە.
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە پاش سەردانییان بۆ لای بەرەی توركمانی شاندی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتی هەریەك لە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە قادر حەمەجان و ئەنجوومەنی ناوەند سامان گەرمیانی و بزووتنەوەی گۆڕان بەسەرۆكایەتی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی عومەر سەید عەلی و ئیسماعیل نامیق و چەند ئەندامێكی دیكە لە سەركردایەتی هەردوولا سەردانی 11 حزب و لایەنی توركمانییان لە بارەگای پارتی گەشەپێدانی توركمانی لە شاری هەولێر كرد.
سەردانەكەش وەكو باسكرا بۆ شیكردنەوە و تاوتوێكردن و دواتر دەوڵەمەندكردنی رێككەوتننامە سیاسییەكەی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بوو كە هەردوولا كە لە 17ی ئایاری رابردوو لە شاری سلێمانی ئیمزایان كرد و رایانگەیاند و ئەو رێككەوتننامەیەش پەیوەندییەكانی هەردوو لای ئاساییكردووەتەوە و قسەش لەسەر یەكگرتنەوەی هەردووكیان دەكرێت.
پاش زیاتر لە یەك كاتژمێر كۆبوونەوە دواجار كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ نوێنەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆران و بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی توركمانی بەسترا.
سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی محەمەد ئیلخانلی لە كۆنگرەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ ئەندامانی شاندە هاوبەشەكەی گۆڕان و یەكێتی لەبەردەم دەزگاكانی راگەیاندن كە ئاژانسی ئانادۆڵوش ئامادەی بوو بوو گوتی "مەبەستی ئەو سەردانەی شاندی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی ئەو سەردانانەیە كە بۆ لایەنە عێراقی و كوردستانییەكان دەیكەن بەمەبەستی باسكردنی رێككەوتننامەكەی هەردوولایان كە بەمدواییانە ئیمزایان كرد".
گوتیشی: "ئێمە وەكو حزب و لایەنە سیاسییەكان بە پۆزەتیڤ سەیری رێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكان دەكەین بۆپاراستنی یەكڕیزی، بەتایبەت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە رۆڵی گەورەی بینی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دروستكردنی ئەو قەوارەیەی لەهەرێمی كوردستان هەیە، هەروەها بزووتنەوەی گۆڕانیش كە خاوەنی 24 كورسی پەرلەمانییە، ئێمە بە پۆزەتیڤ سەیری ئەو رێككەوتننامەیە دەكەین و پیرۆزباییان لێ دەكەین".
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا لەسەر رێككەوتننامەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كە لە 17ی مانگی ئایاری رابردوو لە شاری سلێمانی ئیمزا كرا و راگەیەنرا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: "ئومێد دەكەین تەوافوقی نیشتمانی لەگەڵ بێت و قۆناغی دووەم ئەوە بێت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بگەن بە چارەسەر بۆ دەربازبوون لەو كێشانەی ئێستا هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە".
هەروەها تیشكی خستە سەر پێویستی چارەسەركردنی كێشەكان لەرێگەی دیالۆگ و روونی كردەوە "ئومێد دەكەین لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەیەكتر نزیك ببنەوە بۆ ئەوەی بگەن بە رێككەوتن لەرێگەی دانیشتن و دیالۆگ، چونكە تاكە رێگەیە بۆ ئەوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێن، هەروەها لە كۆبوونەوەكەماندا ئەمڕۆ كۆك بووین لەسەر ئەوەی ریفراندۆم پرسێكی ستراتیژی نیشتمانییە و بەهەموو پێكهاتەكانەوە پاڵپشتی لێ دەكەین، هاوكات تیشكمان خستە سەر ئەوەی بە دیالۆگ بگەینە ئەو ئامانجانەی كە ستراتیژی و نیشتمانیین وەكو ریفراندۆم و كەركووك".
ئەو 11 لایەنە سیاسییانەی ئەمڕۆ شاندی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان سەردانییان كردن بریتی بوون لە پارتی گەشەپێدانی توركمانی، پارتی توركمان ئیلی، پارتی نیشتمانی توركمانی، پارتی گەلی توركمانی، بزووتنەوەی دیموكراتی توركمانی كوردستانی، پارتی لیبڕاڵی توركمانی، لیستی هەولێری توركمانی، یانەی برایەتی توركمان، پارتی رزگاری توركمانی، ئەنجوومەنی هەولێری توركمانی.
ئەندامی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان ئیسماعیل نامیق كە رێكخەری ژووری توێژینەوەی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕانیشە لە وتەیەكدا لەبەردەم دەزگاكانی راگەیاندن گوتی" ئێمە وەكو لێژنەی سیاسی دروستبوو لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی سیاسی هەردوولا بە پێویستمان زانی سەردانی لایەنە سیاسییەكان لە هەولێر بكەین و سەرەتا بە باشمان زانی سەردانی لایەنە توركمانییەكان بكەین و لێرە كۆبووینەوە لەگەڵ نوێنەرانی 11 حزبی توركمان و جەختمان لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان پێكهاتەی كورد و توركمان كرد و باسمان لەوەش كرد كە بڕگەكانی رێككەوتننامەكە خزمەت بەگەلی كوردستان دەكات".
روونیشی كردەوە "باسمان لەوەشكرد كە رێككەوتننامەكە و هەروەها ئەو ئیئتیلافەی كە لەنێوان هەردوولاماندا لەنێوان فراكسیۆنەكانماندا دروستیان دەكەین بۆ ئەوانیش كراوەیە دەتوانن بێنە نێو رێككەوتننامە و ئیئتیلافەكەشەوە، ئێمە سوپاسی ئەوان دەكەین كە هەڵوێستی خۆیان لەسەر رێككەوتننامەكە خستە روو و هەر تێبینییەكیان لەسەر هەبێت بەهەند وەریدەگرین".
لەپاش راگەیاندنی رێككەوتننەكەیانەوە هەریەك لە یەكێتی و گۆڕان سەركردایەتی هاوبەشیان دروستكرد بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكە كە بەشێك لەكارەكانییان بریتییە لە شیكردنەوە و باسكردنی ئەو رێككەوتننامەیەی نێوانیان و خستنەرووی بڕگەكانی، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەیەكە سەردان و كۆبوونەوەكاییان لەگەڵ زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، بەڵام هێشتا بەهۆی نیگەرانییەكانییەوە پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەكێشەیەكی سیاسیدایە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەنییە پێشوازی لە شاندەكە بەناوی سەركردایەتی هاوبەش بكات.