ئاگری
ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە میتینگی پارتەکەی لە گوندی گەراجی سەر بە شارۆچکەی دیادین لە شاری ئاگری گوتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە لە ھەڵمەتی پارتەکەی لە ھەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیراندا شارۆچکەی دیادین کاری ئاژاوەگێری تێدا ئەنجام دراوە.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوە دا کە لە ١١ی نیسانەوە کاری ئاژاوەگێری درێژەی ھەیە و گوتیشی: "بۆ ئەوەی ھەدەپە بەربەستی ھەڵبژاردن تێنەپەڕێنێت ھەموو کارێکی ئاژاوەگێرییان رێکخست. بۆ ئەوەی کەس گیان لەدەست نەدات ھەوڵێکی زۆرمان خستەگەر و بێ جیاکاری سەرباز، پۆلیس، پەکەکە و سڤیل گوتمان رۆڵەی دایک و باوکانن. ئاگر و خەمی ھەریەکەمان شوێنەکەی دەسوتێنێت. کاتێک تەرمەکان لە چواردەوری تورکیاوە دێت و لە ھەموو شوێنێک چەک، شەڕ و پێکدادان و تەقینەوە روودەدات، ئێمە بە بوێری پێداگربوون لەسەر گوتنی ئاشتی. ئەگەر بەرپرسەکانی حکوومەتی کاتی ئەنقەرە لەبارەی ئاشتی سەدا یەک بوێر و ئازا بوونیایە ئەوە ئەمڕۆ ئەوەندە مرۆڤە گیانی لەدەست نەدەدا".
ناوبراو روونیشی کردەوە ھەموو رۆژێک بانگەوازی بێدەنگکردنی چەکەکان دەکەن و ئەنقەرە لەوبارەیەوە ئەم شێوەیە وەڵامیانی داوەتەوە "ئۆپەراسیۆنەکان تا کۆتایی درێژەی دەبێت".
دەمیرتاش گوتیشی: "چی بەدەست دەھێنن؟ ئەگەر ١٠٠ ھەزار کەسی دیکە بکوژن چی بەدەست دەھێنن؟ لە ئەنجامدا دەسوڕێنەوە بۆ سەر مێزی ئاشتیی و دانوستان. ئەگەر رۆژێک زووتر ئەو مێزە پێک بھێنرێت ئەوە رەنگە مرۆڤێکمان رزگاری بێت. دایک و باوکی سەرباز، پۆلیس، گەریلاکان دەستیان لەسەر دڵیانە. گشتیان گیانن و رۆڵەی دایک و باوکیانن. لەگەڵ ئەوەی دەشێت گفتوگۆ و دانوستانی لەبارەیەوە بکەین و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، بەڵام بۆچی پێداگری لەسەر چەک دەکرێت؟ کوردەکان راستەقینەوەی ھەزاران ساڵی ئەم خاکانەن. پێش ئەوەی ئاڵپاسڵان بۆ مەلازگیر بێت کوردەکان لێرەدابوون و ئەوکات بە ھاوکاریی میرنشینەکانی کورد دەرگاکانی ئانادۆڵو کرایەوە و ھاوپەیمانیان لەگەڵ کوردەکان کرد و سەرکەوتن. ئێستا گەلی تورک ئەگەر ئەم ھاوپەیمانییە و ھەماھەنگسازییە لە یاد بکات چۆن برایەتی بونیات دەنرێت؟"
لە میتینگەکە ھەریەک لە جێگری سەرۆکی گشتی ھەدەپە مەراڵ دانیش پێشتاش و پەرلەمانتارانی ھەدەپە چەکلیک ئۆزکان، ئەحمەد یڵدرم، ئاڵتان تان، عوسمان بایدەمیر، دیلەک ئۆجەلان، جەلال دۆغان، دینگیر میر محەحەد فورات، لەیلا زانا و محەمەد ئەمین ئیلھان بەشدارییان کرد.