ھەر ھەموو دۆستانی تورکیا ئەوانەی لە رێگای وەرگێڕانەوە بۆ سەر زمانە جیاجیاکان لە ھەر گوشەیەکی جیھان دەنگمان دەیانگاتێ، دۆستانی تورکیای خۆشەویست، ھاوڕێیانی خۆشەویست، ئەوانەی دەنگی ئێمە دەگەیەننە تورکیا و دونیا، میدیاکارە بەڕێزەکان، خاتوونە بەرێزەکان، برایانی بەڕێز پڕ بە دڵ سڵاوتان لێدەکەم، داوا لە خوای گەورە دەکەم ئەو پاکێجەی پاش کەمێکیتر ئاشکرای دەکەم، بۆ وڵاتەکەمان، گەلەکەمان و ناوچەکەمان، بۆ ئابووری تورکیا و بۆ دیموکراسی تورکیا و لە ھەموانیش گرنگتر بۆ یەکێتی و برایەتی نێوانمان ببێتە مایەی خێر و خۆشی.
زۆر سوپاسی ئەو ھاوڕێ و ھاوکارانە دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم پاکێجە ھاوکاریی ئێمەیان کردووە. ئەوانەی لە ھەڵبژاردنی ٢ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٢ و دوای ھەڵبژاردنەکان ھاوکاریی ئێمەیان کردووە، ئەوانەی لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوو و لە کاتی رێفۆرمەکاندا ھاوکاری و پشتگیریی ئێمەیان کردووە بە تایبەتی گەلی ئێمە کە بە ھیچ شێوەیەک لە ھاوکاریکردنی ئێمە کەمتەرخەمی نەکردووە، زۆر سوپاسیان دەکەم. لە مستەفا کەمالەوە تا عەدنان مەندەریس کە وەکو شەھیدی دیموکراسی لە نێو دڵی ئێمەدا جێی گرتووە، شەیدای گۆڕان و نوێبوونەوە خوالێخۆشبوو تورگوت ئۆزاڵ و رەحمەتی ئەربەکان کە تەمەنی خۆی بۆ ئازادیی تورکیا تەرخان کردبوو و ھەر ھەمووی ئەوانە کە بۆ ئازادی، دیموکراسی و بۆژاندنەوەی تورکیا ھەوڵیان داوە لێرە بەناوی گەلەوە دەستخۆشییان لێ دەکەم.
ھەروەھا زۆر سوپاسی پەرلەمانی تورکیا دەکەم کە دوای ھەڵبژاردنەکانی ٣ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٢ دامەزرا و لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەھێز نوێنەرایەتیی ئیرادەی خەڵکی کردووە و لە چوارچێوەی داواکارییەکانی خەڵکدا کاری کردووە، ھەروەھا دەستخۆشی لەو کەسانە دەکەم لەسەر کارن یا لە ماوەی ١١ ساڵی ربرادوودا پۆستی جیاجیایان وەرگرتووە و پشتگیری رێفۆرمەکانیان کردووە، زۆر سوپاسی ئەوانە دەکەم کە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا ھەوڵیان داوە.
تەنیا لاپەڕەیەک لە قۆناخێکی دوورودرێژ
ئەو پاکێجەی دوای کەمێکیتر پێشکەشتان دەکەم بێگۆمان تەنیا لاپەڕەیەکی قۆناخی ١١ ساڵەی رابردووە، زۆر سوپاسی جێگرانی سەرۆکوەزیر، وەزیرەکان، جێگرانی سەرۆکە گشتییەکان، پارلەمانتارەکان، بیروکراتەکان و ھەر ھەموو ئەو دامودەزگایانە دەکەم کە ھاوکارییان کردووین.
تورکیا بە ئەوندازەی شەڕی دژەتیرۆر لە بواری دیموکراتیزاسیۆنیشدا ھەوڵی داوە، بۆیە زۆر سوپاسی رێکخەر و راوێژکاری ئاسایشی رای گشتی دەکەم کە رۆڵێکی گرنگی لە ئامادەکردنی ئەم پاکێجەدا ھەبووە.
لەو کاتەی ھاتینە سەر لاپەڕەی مێژوو تا ئەمڕۆ بۆ ئازادی و سەربەخۆیی خۆمان شەھیدی زۆرمان داوە. ھەر شەھیدێکی ئێمە کاتێک بە قارەمانی گیانی خۆی خستووەتە سەردەستی خۆی، ھەمیشە ئارەزووی ئەوەیان کردووە دوای خۆیان وڵاتەکەمان بەئازادی و سەربەخۆیی و ئاسایش بژی، ئەمڕۆ کاتێک ئەم پاکێجە رادەگەیەنین لە راستیدا یەکێک لە ئاواتەکانی شەھیدەکانمان بەدیدێنین، کۆتایی ھێنان بە تیرۆر، راگرتنی خوێنڕشتن، کۆتاھێنان بە فرمێسکی چاوان ئاواتێکی سەرەکیی خانەوادە و کەسوکاری شەھیدانە. ھەر ھەنگاوێک ببێتە ھۆکاری ئاشتی ناوخۆیی تورکیا، بەھێزکردنی یەکێتی و تەبایی تورکیا ئاواتی سەرەکیی گەلی ئێمەیە، بەم پاکێجە دەمانەوێ سەربەخۆیی تورکیا بەھێز بکەین، زەمینەی ئازادییەکان بەرفراوان و ئاسۆی ئاواتەکان و چوارچێوەی ئاواتەکان بەرفراوانتر دەکەین و لە ھەر ھەمووی ئەمانە گرنگتر یەکێتی و برایەتی گەلی خۆمان کە شەھیدەکانی ئێمە گیانی خۆیانیان بۆ بەخت کردووە بەھێزتر دەکەین و بەمجۆرە سەرەڕای جێبەجێکردنی وەسیەتی شەھیدانمان ئەمڕۆ جارێکی دیکە رەحمەتیان بۆ دەنێرین و یادیان دەکەینەوە، خوای گەورە لێیان رازی بێت و شوێنیان بەھەشت بێت.
ئەم پاکێجە یەکەم ھەنگاو و دوایین ھەنگاو نییە
ئەمڕۆ بۆ تورکیا و بۆ گەلی ئێمە رۆژێکی مێژووییە، دەست بە قۆناخێکی گرنگ دەکرێ، بۆ گەورەترکردنی تورکیا ھەنگاوی زۆر گرنگ دەنێین، دەمەوێ جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە ئەو پاکێجەی ئەمڕۆ رایدەگەیەنین، یەکەمین ھەنگاو نییە و دوایین ھەنگاویش نابێ. ئەم پاکێجە یەکەمین ھەنگاو نییە چونکە ھەنگاوەکانی مستەفا کەمال ھەریەکەیان وەکو شۆڕشێکی گەورەن بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا و گەیاندنی تورکیا بۆ ئاستی ستاندارە جیھانییەکانی سەردەم. پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا لە ساڵی ١٩٥٩وە دەستیپێکردووە و تا ئەمڕۆ چەندین ھەنگاوی زۆر گرنگ نراون. بە تایبەتی پەرلەمان و حکومەتی ئێمە کە لە دوای ھەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٢ دەستی بەکار کردووە ھەنگاوی زۆر گرنگی ناوە و لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوودا رێفۆرم و گۆڕانکاریی زۆر گرنگی ئەنجام داوە. ئەو پاکێجە کە ئەمڕۆ ئاشکرای دەکەین بەرھەمێکی ئەو ١١ ساڵەیە.
ئەم پاکێجە دوایین ھەنگاویش نییە چونکە مرۆڤایەتی تا ئەو کاتەی ھەبێ پێویستی بە گۆڕانکاری و نوێبوونەوە ھەیە، کاتێک ھەلومەرجەکان گۆڕانکارییان تێدا بکرێ ئەوا داواکاریی نوێ دەردەکەون و لەوەیش زیاتر بەم پاکێجە تورکیا لەو بەربەست و کێشانە کە تا ئەمڕۆ رووبەڕوویان بووەتەوە رزگاری دەبێ. بێگۆمان ئەم پاکێجە نابێتە ھۆی رزگاربوون لە ھەر ھەموو بەربەستەکان، بەڵام لەم چوارچێوەیەدا ئەم پاکێجە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە و بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکە خاڵێکی گرنگی وەرچەرخانە.
وەکو دوایین خاڵ سەیری ناکەین
ھەر چۆن ئەو رێفۆرمانەی کە لە ١١ ساڵی رابردوو ئەنجام دراون وەکو قۆناخی کۆتایی سەیریان نەکراوە ئەو پاکێجەیش ئەمڕۆ ئاشکرا دەکرێ بە ھیچ شێوەیەک دوایین خاڵ نابێ لە ریفۆرم و دیموکراتیزاسیۆندا، چونکە تورکیا چەندە بگۆڕدرێ ئەوا سیاسەتیش وەکو رێبازێک بۆ گەڕان بە دوای ماف و ئازادییەکاندا، وەکو رێبازێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەھێزتر دەبێ، بۆیە دەبێ تورکیا دەست بە رێفۆرمی نوێ بکات و ماف و ئازادییە نوێیەکانیش خۆیان لەسەر تورکیا فەرز دەکەن.
گەلی تورکیا و ئێوەی بەرێز دەزانن کە جێبەجێکردنی داواکارییە دیموکراتیەکانی تورکیا بۆ ئازادی بە یەکجار و بە یەک پاکێج مومکین نییە و داواکارییەکی بەمجۆرە پێچەوانەی سروشتی سیاسەت و کۆمەڵگەیە و لە ھەفتەکانی رابردوویشدا باسی ئەم شتانەم کردووە، ١١ ساڵ لەمەوبەر کاتێک کە دەسەڵاتمان وەرگرت ئەگەر بمانتوایایە دەمانویست بە یەک پاکێج ھەر ھەموو قەدەغەکارییەکانمان ھەڵبوەشێنینەوە، بەڵام گەلی تورکیا زۆر بەباشی دەزانێ کە ھەلومەرجی تورکیا بۆ ئەم مەبەستە لەبار نییە. ئەو پارت و سیاسەتمەدارانە کە وشەکانی دیموکراسی، چارەسەر، ئازادی و ئاشتی لە سەر زمانی خۆیان لانابەن لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوودا بینرا کە چۆن چۆنی دژایەتیی گۆڕانکاری و رێفۆرمیان کردووە، خەڵکی ئێمە دژایەتیکردنی ئەوانی بینی و ئەمڕۆیش ھەر دەیبینێ.
لە بارودۆخێکدا کە بێ چارەسەری کرابوو بە سیاسەت و لە بارودۆخێکدا کە تەنیا بێ چارەسەری بەرھەم دەھێنرا سازدانی رێفۆرم زۆر زەحمەت بوو، بەڵام ئێمە لە ماوەی ئەو ١١ ساڵەدا سەرەڕای ئەو ھەموو ئاستەنگییانە چەندین رێفۆرمی گرنگمان ئەنجام دا.
دەبێتە ھۆکاری پێکەنینی گەلی ئێمە و رەواندنی خەونی کودەتاچیەکان
سەرەڕای ئەو ھەموو ئاستەنگانەی لەلایەن گرووپە چەتەکانەوە لە سیاسەت، لە ئۆپۆزسیون، لە یاساکانی نێو دەستووری بنەڕەتی، لە بیرۆکراسییەوە بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی، لە میدیاکان و دونیای کارەوە بۆ نێو داڵانەکانی دامودەزگاکانی دەوڵەت و سەرەڕای ئەو ھەموو دژایەتی کردنانە، ئێمە بە جەسارەتەوە خاوەنداریەتیمان لە قۆناخ و رێفۆرمەکان کرد.
سەرەڕای پلان و بەرنامەکانی کودەتاچیەکان ئێمە وازمان لە بڕیاری خۆمان نەھێنا، سەرەڕای ھەڕەشەکانی داخستنی پارتەکەمان ئێمە لە کاری خۆمان بەردەوام بووین، سەرەڕای ھەڕەشە و ئاژاوەگێڕییە خوێناوییەکان یەک ھەنگاو لە ئیرادەی خۆمان بۆ گۆڕانکاری پاشەکشەمان نەکرد، سەرەڕای ھەڕەشە و ھێرشە تیرۆریستییە راستەوخۆکان بۆ سەر پارتەکەمان بەڵام ئێمە سەرمان شۆڕ نەکرد، سەرەڕای ھێرشەکانی سەر ئیرادەی نەتەوەیی و سەر سندوقەکان ئێمە ھیچ جۆرە قەرەبوویەکمان نەدا، میللەت ئەمانەتێکی دایە دەست ئێمە و ئێمەیش بۆ بەجێ گەیاندنی ئەو راسپاردەیە بە جەسارەت و بە بڕیارەوە ھەنگاومان نا و تورکیامان گەیاندە ئەمڕۆ و سەرکەوتنی زۆر گەورەمان بۆ تورکیا بە دەست ھێنا.
زۆر بە ئاشکرا دەڵێم پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن دەبێتە مایەی زەردەخەنەی گەلی ئێمە و رەواندنەوەی خەونی کودەتاچیەکان، ئەم رێفۆرمانە تینوێتیی ئەو چینانە دەشکێنێ کە تینوی ئازادین و ھۆکاری تووڕەبوونی ئەوانەی خۆیان لە سەر ئیرادەی گەل فەرز کردووە، ھەر ھەنگاوێک کە بەرەو پێشەوە دەینێین دەبێتە ھۆی خۆشحاڵکردنی چینی ھەژار و ستەمدیدەدکان و تووڕەکردنی عەقڵیەتی قەدەغەکار، ئێمە میللەتی خۆمان رازی و سەرفراز دەکەین و چی بۆ گەلی خۆمان پێویست بێ جێبەجێی دەکەین.
تورکیا بە شێوەیەک کە بەرەو دواوە نەگەڕێتەوە لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکدا بەرەو پێشەوە دەچێ و ئەم پاکێجە خاڵێکی گرنگی ئەم بەرەو پێشچوونەوەیە. لەمەودوا داواکاری بۆ ماف و ئازادییەکانیش دێتە پێش و دەست بە گفتوگۆ لەسەر بەرفراوانترکردنی دیموکراسیی تورکیا دەکرێت. خاڵی گرنگ لێرەدا داوا کردنی ماف و ئازادییەکانە بە زمانێکی دیموکراتیک و لە چوارچێوەی سیاسەتی یاساییداو گرنگ ئەوەیە داواکردنی ماف و ئازادییەکان بەدەر بێ لە بەکارھێنانی چەک و توندوتیژی و ھەوڵی بەدەستھێنانی ئەم مافانەیش لە چوارچێوەیەکی یاساییدا بێ.
چەک جێگای داواکاریی مافێکی رەوای دیموکراتیک ناگرێتەوە
ئەگەر مشتەکان توند قوچابن ئەوا دەستەکان ناتوانن یەکتر بگرن، ئەگەر دڵەکان داخراو بن و لە دژی یەکتر بن ئەوا ناتوانرێ یەکێتیی دڵەکان دروست بکرێ، لە ھەر شوێنێک چەک قسە بکات ئەوا لەو شوێنە بە ھیچ شێوەیەک چارەسەر بەدی ناکرێ، لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوودا ھەوڵمان بۆ کردنەوەی مشتەکان و خاوکردنەوەی پەنجەکان و نەرمکردنەوەی دڵەکان داوە، ١١ ساڵە ھەوڵمان بۆ ھەموارکردنی رێگای سیاسەت و بەھێزترکردنی زەمینەی چارەسەری و دانوستانی سیاسی داوە. ئەگەر بڕیارە کێشەکان لەلایەن سیاسەتەوە چارەسەر بکرێن ئەوا دەبێ لەگەڵ خەڵکدا چارەسەر بکرێن. قبوڵکردنی کۆمەڵگە و پشتگیریکردنی کۆمەڵگە سەرچاوەی وزەی ھەر ھەنگاوێکی دیموکراتییە.
ئێمە چیمان کردووە لەگەڵ گەلی خۆماندا پێکەوە ئەنجاممان داوە و بە پشتگیری و ھاوکاریی گەلی خۆمان کارەکانمان کردووە، وەک چۆن بەبێ خەڵک دامەزراندنی سیستەمێک مومکین نییە، ھەر بەو جۆرەش نانی ھەر جۆرە ھەنگاوێکی دیموکراتیک بەبێ ھاوکاری و پشتگیریی خەڵک مومکین نییە.
دامەزراندنی ھیچ رژیمێکی یەک رەنگ و رژیمێکی ئازدایخوازیش بەبێ پشتگیری خەڵک مومکین نییە، بۆیە ئێمە لەگەڵ خەڵک و گەلی خۆمان دەستمان بە پرۆسەی دیموکراتیزەکردن کرد. لە کاتی سەردانمان بۆ یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠٢دا خاڵێک کە زۆر باسمان لێوە کرد ئەوە بوو کە دیموکراتیزاسیۆن پێویستی بە گۆڕینی عەقڵیەت ھەیە و کاتێک بتوانین پێکەوە ئەم گۆڕانکارییانە بکەین، ئەوا دەتوانین بەرەو ئامانجەکانمان لە پاشەرۆژدا ھەنگاو بنێین.
سەرچاوەی مەشرووعیەت خەڵکە
ئەم پاکێجە لە راستیدا ئاماژەیە بەو قۆناخەی تورکیا تێدایە، لە تورکیای ئەمڕۆ چی دیکە دەوڵەتێک نییە خۆی بە جۆری ناسنامەی ھاووڵاتییەکان و چۆنیەتیی بیرکردنەوەیانەوە سەرقاڵ بکات، لە تورکیا چی دیکە دەوڵەتێک بوونی نییە کە گوێ بە داواکارییەکانی خەڵک نەدات و فەرامۆشیان بکا و خەڵک لە ناسنامەی خۆیان دابڕنێ، لە تورکیا دەوڵەتێک ھەیە کە خزمەتکاری خەڵکی خۆیەتی و دەوڵەت گەڕاوەتەوە بۆ جەوھەری خۆی، بەو شۆڕشە بێدەنگە کە لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوو ئەنجاممان داوە دەوڵەت و ھەڵوێستە زۆرەملێکانیمان ئەو دەوڵەتەمان خستووەتە نێو زبڵدانی مێژوو. ئەمڕۆ لە تورکیا دەوڵەتێک ھەیە کە بوونی خۆی لەگەڵ خەڵکی تورکیادا دەبینێ و خۆی بە سەروەری خەڵک نازانێ، بەڵکو خۆی بە خزمەتکاری خەڵک دەزانێ و بە عیشقی خزمەتکاربوونی خەڵکەوە دەستمان بەم رێگایە کردووە، ئەمڕۆ سەرچاوەی مەشرووعییەت خەڵکە و لەمەودوا لە ھەر بوارێکدا مافی بڕیاردان ھی گەلە.
تورکیا لە ساڵی ١٩٥٠وە دەستی بە قۆناخی فرە حزبی و دیموکراسی کردووە و تا ساڵی ١٩٦٠ تورکیا لەم بوارانەدا وەکو سەعات بەرەو پێشەوە چووە بەڵام بە ھۆی کودەتای ساڵی ١٩٦٠ ئەم سەعاتە شکێنراوە و راوەستێندراوە و داواکارییەکانی خەڵک لەو سەردەمەدا کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی زۆر توندەوە، بەداخەوە سێبەری رەشی ٢٧ی گوڵانی ساڵی ١٩٦٠ ھێشتا لەسەر تورکیا ماوەتەوە و ھێشتا داوا دەکرێت کە ٢٧ی گوڵان بە دەستوور و یاساکان و ھەر ھەمووی رێکخراوەکانی ئەو سەردەمەوە لە تورکیا بەردەوام بێت.
بە داخەوە ھێشتا سیاسەت، دەوڵەت، میدیا، زانکۆ و کۆمەڵگەی مەدەنی لە زۆر بواری جیاجیادا ھەر وەکو سەردەمی ٢٧ی گوڵان ھەڵسوکەوت دەکەن، دەمەوێ زۆر بە ئاشکرایی ئاماژە بەوە بکەم کە گەورەترین بەربەستی بەردەم گۆڕانکارییەکانی تورکیا سێبەری کودەتای ٢٧ی گوڵانی ساڵی ١٩٦٠ە. چەندین رۆژنامەی ئەو سەردەمە لە بەردەستمدان و کاتێک سەیری مانێشتەکانی ئەمڕۆیش دەکەم دەبینم ھەر وەکو یەکن، ئەمە رووداوێکی زۆر سەرسوڕھێنەرە.
تا ئەو کاتەی ئەم عەقڵیەتە نەگۆڕدرێ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە تورکیا زەحمەتە، بەڵام گەلی تورکیا ھەستی بە رۆحی زەمان کردووە و ھەمیشە توانیویەتی بۆ خۆی سەرکەوتن تۆمار بکات و ھەمیشە لە پێشەوەی سیاسەت و بیرۆکراسی و دەوڵەتدا ھەڵسوکەوتی کردووە و دەرگاکانی بۆ ھەر جۆرە نوێبوونەوەیەک کراوە بوون و زۆر بە خێرایی لەگەڵ نوێبوونەوەکاندا راھاتووە، زۆربەی جارانیش ھەر گەل خۆی بووەتە ھۆکاری گۆڕینی سیاسەت و دەوڵەت، ھیچ گومانم لەوەدا نییە کە لەگەڵ راگەیاندنی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆندا عەقڵیەتی ٢٧ی گوڵان دەست بە بڵاو کردنەوەی پرۆپاگەندە و ترس و دڵەڕاوکێ دەکا.
ترسنۆکەکان ناتوانن پەیکەری ئازادی دروست بکەن
١١ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ھەر ریفۆرمێکدا بانگەشەی ئەوە دەکرا کە تورکیا پارچە و دابەش دەکرێ، دەبینن ئەمڕۆیش ھەر بەمجۆرە ئەو جۆرە پروپاگەندانە بڵاو دەکەنەوە.. ١١ ساڵ لەمەوبەر دوای ھەر رێفۆرمێک دەستیان بە ترساندنی خەڵک دەکرد و ئەمرۆیش دوای راگەیاندنی ئەم پاکێجە ھەر بەمجۆرە ھەڵسوکەوت دەکەن و ئەوانەی کە ھەمیشە لە دژی رێفۆرمەکان بوون، ئەمڕۆیش ھەربەمجۆرە دژایەتیی ئەم پاکێجە دەکەن. بەڵام لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوودا ئێمە بە ھیچ شێوەیەک نەمانھێشت عەقڵیەتی ٢٧ی گولان بکەوێتە پێش داواکارییەکانی خەڵکەوە و لەمەودوایش ئەم دەرفەتەی پێ نادەین. بۆیە ئۆپۆزسیونی تورکیایش ناچارە لەمەودوا خۆی بگۆڕێت و لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵکدا ھەڵسوکەوت بکات و ھەست بە گەورەبوونی پێگەی تورکیا بکا، بێ بەختییەکی یەکجار گەورەیە لەکاتێکدا تورکیا لە ساڵی ٢٠١٣دایە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ھێشتا ھەر سەیری سەعاتە شکاوەکەی ساڵی ١٩٦٠ بکا، نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ کە یەکەمین وشەی مارشی نەتەوەییمان ئەوەیە کە دەڵێ نەترسن. ئەوانەی دەترسن ناتوانن پەیکەری ئازادی دروست بکەن. ئەوانەی لە گۆڕانکارییەکان دەترسن ناتوانن لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکاندا خۆیان بگرن. بەڕاستی لە تورکیا کێشەی ئۆپۆزسیۆنمان ھەیە، چونکە ئۆپۆزسیون بۆ خۆی ھیچ کارێک ناکات و ھەمیشە دژایەتیی ئەو ھەنگاوانە دەکات کە جێبەجێ دەکرێن.
گەل داوای چی کردووە ئەوەمان کردووە
ئەوانەی لە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆندا بە دوای گیای نەمری دا دەگەڕێن لە چاوەڕوانییەکی دوور لە راستین و بێگومان رووبەڕووی بە باچوونی خەیاڵەکانیان دەبنەوە. ئەوانەی تا ئەمڕۆ ھیچیان بە ھیچ نەکردووە ھەوڵ بۆ ئەوە دەدەن ئەو ھەنگاوانەی کە تا ئەمڕۆ جێبەجێ کراون بێ بایەخ بکەن ئێمە چاوەڕوانی چەپڵەلێدان بۆ پاکێجەکەی ئەمڕۆ لەو عەقڵیەتە ناکەین کە لە بەرامبەر رێفۆرمەکانی ١١ ساڵی رابردوودا ھەمیشە دژایەتی کردووە. ئێمە روومان لە گەلی خۆمان کردووە و تەنیا و تەنیا رەچاوی بەرژەوەندییەکانی گەلی خۆمان دەکەین، نرخی ئەم پاکێجە ئەوانە دەیزانن کە ئێش و دەردیان کێشاوە. ئەم پاکێجە بۆ کۆتاھێنان بە شەڕ، راگرتنی خوێنڕشتن و رژاندنی فرمێسکەکان ھەنگاوێکی یەکجار گرنگە.
ئەم پاکێجە چوارچێوەیەکی بۆ خۆی دەستنیشان کردووە و دەرگایەکی دۆزیوەتەوە و پاکێجێکە ئەو ماف و ئازادییانەی لەگەڵ خۆی ھێناوە کە ١١ ساڵ لەمەوبەر کەس نەیدەتوانی بیریان لێ بکاتەوە، جارێکی دیکە دووباریە دەکەمەوە ئەمە قۆناخێکە و بۆ تورکیایەکی گەورە، ئەمە سەرەتا و لاپەڕەیەکی گرنگە، سیاسەت، یاسا، دەوڵەت و دیموکراسیەتی تورکیا بە پشتگیری خەڵک گەیشتە قۆناخی ئەمڕۆ و بەمجۆرە بەردەوام دەبێت و دەگاتە قۆناخی باشتریش، ئەم پاکێجە وەکو ھەندێک کەس دەڵێن بەرھەمی ھیچ جۆرە گوشارێک نییە و بەرھەمی ھیچ جۆرە دانووستانێکیش نییە، ماف و ئازادییەکان و دیموکراسی بە ھیچ شێوەیەک نابن بە بابەتی دانوستان، لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوو ھیچ جۆرە رێفۆرمێکمان بەھۆی گوشاری کەسەوە جێبەجێ نەکردووە، گەلی ئێمە داوای چی کردووە ئێمە ئەوەمان جێبەجێ کردووە، ئێمە ھەمیشە لە چوارچێوەی داواکارییەکانی گەلدا ھەڵسوکەوتمان کردووە و ھەوڵمان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەل داوە.
سیستەمی ھەڵبژاردن
بۆ سیستەمی ھەڵبژاردن سێ پێشیاری جیامان ھەیە، یان ئەوەتا درێژە بەم سیستمەی ئێستا بدەین و لە سیستەمی رێژەی ١٠% بەردەوام بین و رێژەکە بۆ ٥% دابەزێنین و بە گروپی پێنج کەسی سیستەمی ناوچەی بەرتەسککراو پەیڕەو بکەین، یان بە گشتی سیستەمی رێژەیی ھەڵبوەشێنینەوە و لە سەرانسەری تورکیا سیستەمی ناوچەی بەرتەسککراو پەیڕەو بکەین، دەتوانین لە رۆژانی داھاتوودا لەسەر ئەم سێ پێشنیارە گفتوگۆ بکەین، بۆ تورکیا کامەیان باشتر و گونجاوترە ئەوا دەتوانین گۆڕانکاری پێویست لەم بوارەدا بکەین و لەگەڵ پەرلەماندا یاسای تایبەتی دەربکەین و درێژە بە رێگای خۆمان بدەین.
دەمانویست سەرچاوەی ھەر ھەموو ئەم کێشانە کە دەستووری تورکیایە لە ماوەیەکی کورتدا بگۆڕدرایە و دەستوورێکی نوێ ئامادە بکرایە و بەمجۆرە ھەر ھەمووی کێشەکان چارەسەر کرابان، ئێمە وەکو دەسەڵات وتمان تەنیا ئەوە بەسە کە پێکەوە ترێ بخۆین، جیاوازی رێژەی پەرلەمانتارەکانمان با نەبێتە ھۆکاری ئاستەنگخستنە بەردەم کارکردنی ئێمە. ئێمە بۆ ئەوەی بگەینە تەوافوقێک بۆ کۆمسیۆن سێ نوێنەرمان نارد بەڵام ئۆپۆزسیۆن ٩ نوێنەری ناردە کۆمسیۆنی ئامادەکردنی دەستوور، بەڵام بەداخەوە تا ئێستە نەتوانراوە لەم بوارەدا ھیچ جۆرە رێککەوتنێک بە دەست بێ، تا ئێستە لە سەر ٥٩ مادە رێککەوتن کراوە و گوتمان وەرن با ئەو ٥٩ مادەیە ببەینە پەرلەمان و ھەنگاوێک بنێین، تا ئەو کاتە با کۆمسیۆنیش لە سەر کار کردنی خۆی بەردەوام بێ، بەڵام نەھاتن و ئەم کارەیان نەکرد. ئەوان نایانەوێ کارێک بکەن و سەرکەوتوو بن. بۆیە ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنێک کە لە دژی ھەر جۆرە چارەسەرێکە ئەستەمە.
تاقە سەرچاوەی ئێمە لە ھەر ھەنگاو و رێفۆرمێکدا گەل بووە، ماف و ئازادییە گەردوونییەکان و ئەو پەیمانە نێونەتەوەییانە کە ئیمزامان کردوون سەرچاوەی ئێمە بوون، گفتوگۆکردن لەسەر ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا سەرچاوەی ئێمە بووە، ئەو راپۆرتانەی لەلایەن کۆمیتەی عەقڵمەندانەوە ئامادە کراوە سەرچاوەی ئێمە بووە.
دەبینین ئەو خاڵانە کە لەم پاکێجەدا ئاماژەیان پێ دەکەین سەرچاوەیان یەکێک یان چەند لەم سەرچاوانەیە، لێرەدا دەمەوێ جەخت لە سەر خاڵێک بکەمەوە، ساڵێک لەمەوبەر لە ٣٠ ئەیلوول چوارەمین کۆنگرەی پارتەکەمان ساز کرد و لەو کۆنگرەیەدا جارنامەیەکی ٦٣ خاڵیمان لە ژێرناوی ئارمانجەکانمان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئاراستەی رای گشتی کرد، سەرەڕای ھەبوونی زەمینەیەکی ١٠ ساڵەیی بەڵام لە ماوەی یەکساڵدا زۆربەی ھەرەزۆری ئەو خاڵانەمان جێبەجێ کرد و ئەوانەیش کە ماون بۆ جێبەجێکردنیان لە ھەوڵی بەردەوامدان. ئەو پاکێجە کە ئەمڕۆ ئاشکرای دەکەم لە راستیدا جێبەجێکردنی ئەو سۆز و بەڵێنانەیە کە لە کاتی دامەزراندنی پارتەکەمان لە ساڵی ٢٠٠١ بە خەڵکمان دابوون. ھیچ شتێکی شاراوە لە نێو ئەم پاکێجەدا نییە، ھەر خاڵێکی ئەم پاکێجە پێشتر بەڵێنی جێبەجێکردنی درابوو و لە رابردوودا وەکو ئامانج دەستنیشان کرابوو.
ھەر جۆرە رێبازێکی ژیان لای ئێمە گەرەنتی کراوە
ئێمە ھەر ھەموومان، ھەر ھەموو ئەو ٧٦ میلیۆن کەسەی لەنێو سنوورەکانی ئەم وڵاتەدا دەژین ، ھەر ھەموومان یەکین، یەکسانین و برای یەکترین و پێکەوە ھەر ھەموومان ھاووڵاتی تورکیاین، پێکەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی دەنگیان پێداوین و لەگەڵ ئەوانەی دەنگیان پێ نەداوین لە یەک رێگاداین، وەک چۆن داواکارییەکانی ھەر ھاووڵاتییەک بۆ ئێمە گرنگە ئاوایش ترس و دڵەڕاوکێ و ئەندیشەکانی ھاووڵاتییانیش بۆمان گرنگن.
ئێمە لێرەدا کاتین و دەڕۆین ئەوەی دەمێنێتەوە گەلە و ئەوەی دەمێنێتەوە ئاسەوارەکانن، ئێمە ئەو رێگایەمان بۆ خۆمان ھەڵبژاردووە کە نەتەنیا جەماوەری ئێمە بەڵکو دژبەرەکانی ئێمەیش تەقدیرمان بکەن و چەندین جار ئاماژەم بەوە کردووە، ئێمە ھیچ کات نەبووین بەو دەسەڵاتە کە سەیری رۆژئاوا بکەین راستییەکان ببینین و کە سەیری باشوور و باشووری رۆژھەڵاتمان کرد رەچاوی راستییەکان نەکەین. ئێمە دەسەڵاتێکین متمانەمان بە یەکسانی و برایەتیی ٧٦ ملیۆن کەس ھەیە. ھەر لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ تێکۆشانمان بۆ وڵاتێک کردووە کە ھەموو پێکھاتەکانی لە بە ئاشتی و تەبایی و برایەتی و یەکسانی بژین. بەرپرسیاریەتیی ئێمە پاراستنی ئەو مافانەیە کە بەھۆی مرۆڤبوونەوە بە مرۆڤ دراون و بەبێ ھیچ جۆرە جیاوازی و ناکۆکییەک ھەوڵ بۆ دامەزراندنی پاشەرۆژێکی گەش دەدەین، زیاتر لە ھەزار ساڵە لەم وڵاتە پێکەوە وەکو برا ژیاوین و لەمەودوایش تا ھەتاھەتایە ھەر بەمجۆرە دەمانەوێ لە نێو تەبایی و برایەتیدا پێکەوە بمێنینەوە.
گۆڕانکارییە یاسایی و ئیدارییەکان جێبەجێ دەکرن
لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوودا نامومکینەکانمان کردە مومکین، خەیاڵەکانمان کردە ئامانج و لەگەڵ گەلی خۆمان زۆر شتی باشمان کرد، پشت بەخوا شتی زۆرتر دەکەین و ھەوڵ بۆ یەکبوون دەدەین، ھەوڵ بۆ دامەزراندنی تورکیایەکی نوێ دەدەین کە ھەر کەس بەئاسایی، بە ئاسایش و ئارامی و تەبایی بژی. ئەم پاکێجە کە بەبێ ھیچ جۆرە دوودڵییەک ئامادە کراوە بووەتە ھۆکاری دۆزینەوە چارەسەر بۆ زۆربەی ھەرە زۆری کێشەکان و ئەم پاکێجە بۆ تورکیا و گەلی تورکیا و ناوچەکە دەبێتە ھۆکاری دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ. بەشێک لە خاڵەکانی نێو پاکێجی دیموکراسی پێویستیان بە گۆڕانی یاسایی ھەیە و بەشێکیشیان پێویستیان بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ھەیە و بۆ ئەم مەبەستەیش ھەنگاوی پێویست دەنرێت.
گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە مافە سیاسییەکان
چوارچێوەی ھاوکارییەکانی دەوڵەت بۆ پارتە سیاسییەکان بەرفراوان دەکرێ، یەکەمین مادەی یاسای پارتە سیاسییەکان دەگۆڕدرێ، رێژەی دیاریکراو بۆ وەرگرتنی ھاوکاریی دەوڵەت لە سەدا حەفتەوە بۆ سەدا سێ دادەبەزێنرێ، بەو مانایە ئەو پارتانەی بەشدارییان لە ھەڵبژاردنەکان کردووە ئەگەر لە سەرەوەی سەدا سێ دەنگ بەدەست بھێنن ئەوا لە خەزینەی دەوڵەت دەتوانن ھاوکاری وەربگرن. ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی پارتە سیاسییەکانمان و ھاوتابوونی رکابەرییەکان.
لە گۆڕانکارییەکی دیکەدا بۆ رێکخستنەکانی پارتە سیاسییەکان ئاسانکاری دەکرێت و لەم چوارچێوەیەدا مادەی ٢٠ی یاسای پارتە سیاسییەکان دەگۆڕدرێ و خاڵی ( بۆ دامەزراندنی تەشکیلاتی ناوچەکان زەرووری بوونی دامەزراندنی تەشکیلاتی شارەوانییەکان) ھەڵدەوەشێنینەوە. لە یاسای ئێستادا پێویستە بۆ ئەوەی لە ناوچەیەکدا رێکخستن دابمەزرێنن دەبێ لە بەشێکی زۆری ناوچەکەدا رێکخستنیان ھەبێت. ئێمە ئەم خاڵە دەگۆڕین.
لە لایەکی دیکەوە بۆ پارتە سیاسییەکان سیستەمی ھاوسەرۆکی جبێبەجێ دەکرێ، بۆیە خاڵێک لە سەر مادەی ١٥ی یاسای ھەڵبژاردنەکان زیاد دەکرێ و دەبێ پارتە سیاسییەکان دوو ھاوسەرۆکیان ھەبێت.
پرۆپاگەندەی سیاسی بە زمان و زاراوە جیاوازەکان
بەھۆی ئەو گۆڕانکارییانەیەوە کە لە مادەی ١١ی یاسای پارتە سیاسییەکان کراوە، ئاستەنگەکانی بەردەم ئەندامبوون لە پارتە سیاسییەکان ھەڵدەوشێنینەوە و بەپێی یاسای ھەڵبژاردن ھەر کەسێک مافی دەنگدانی ھەبێ بۆی ھەیە ببێتە ئەندامی پارتێکی سیاسی. ھەر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی نێو یاسای پارتە سیاسییەکان مادەی ٢٩٨ی ئەو یاسایە دەگۆڕدرێت و پارتە سیاسییەکانیش لەگەڵ زمانی تورکی دەتوانن بە زمانەکانی دیکە بۆ خۆیان پروپاگەندە بکەن و ئاستەنگە دەستنیشانکراوەکانی مادەی ٤٣ی یاسای پارتە سیاسییەکانیش ھەڵدەوەشێنینەوە.
سزای ھەر تاوانێک کە بە ھۆی جیاوازی، ئاین، ئەتنیک، بیروڕا، بیرکردنەوەی سیاسی، فەلسەفە ئەنجام بدرن گرانتر دەبێت.
کۆمیتەیەک بە ناوی کۆمیتەی شەڕی دژی جیاوازی و پشتگیریکردنی یەکسانی دادەمەزرێ.
رێزگرتن لە ژیانی خەڵک لەلایەن یاسایەوە گەرەنتی دەکرێت.
کاتی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکان درێژ دەکرێتەوە.
کۆتایی بە کۆمیسەری حکومەت لە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکان دەھێنرێت.
ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکان لەلایەن لێژنەی تایبەتییەوە جێبەجێ دەکرێن.
لە قوتابخانە تایبەتەکاندا رێگا بۆ پەروەردە بە زمانەکانی دیکە ھەموار دەکرێ.
سوێندی تورکی قوتابخانە سەرەتاییەکان ھەڵدەوەشێندرێتەوە.
ئاستەنگە یاساییەکانی بەردەم گەڕانەوەی ناوە کوردییەکانی گوندەکان ھەڵدەوەشێندرێنەوە.
بۆ پاراستنی بەرھەم و زانیارییەکانی تاکەکەس گۆڕانکاری یاسایی دەکرێت و ھیچ کەس بۆی نییە گوێ لە زانیارییە تایبەتییەکانی کەسانی دیکە بگرێ.
بە گۆڕانکاری لە بڕیارنامەکاندا قەدەغەکردنی حیجاب ھەڵدەوەشێنینەوە.
زەوی و مڵکەکانی مۆرگابریەل رادەستی وەقفی ماناستێر دەکرێنەوە.
ئەنستیتوی زمان و کلتووری رۆمان دادەمەزرێنین.
news_share_descriptionsubscription_contact

