سلێمانی
لانە محەمەد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە(پەرلەمانی عێراق) لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو AA گوتی " لەعێراق ڕەوشی تەندروستی باش نییەو پێویستی بەچارەسەرکردن ھەیە، بەتایبەتی لەناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، پێویستمان بەوەیە ژێرخانی تەندروستی باشتر بکەین بەھێشتنەوەی پزیشکە بەتواناکان و دابینکردنی دەرمانی باش و کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت".
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ بەشی زۆری پزیشک و پسپۆڕانی تەندروستی لەعێراق ھەڵاتوون، لانە محەمەد رایگەیاند: لیژنەکەیان زانیویەتی ھەزاران پزیشکی پسپۆڕو ناوداری عێراق، ناچار بوون ئەو وڵاتە بەجێ بێڵن و تا ئێستا ھەڵاتنی پزیشکان ھەر بەردەوامە.
لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە ئێستا پرۆژە یاسایەکیان گەڵاڵە کردووە بۆ پاراستنی ئەرک و مافی نەخۆش، لانە محەمەد لەو بارەیەوە گوتی " لەنێو لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان لێکۆڵینەوە لەسەر پڕۆژە یاسایەک دەکرێ لەبارەی ئەو بابەتانەی لەسەر ئەرک و مافی نەخۆش ھەن، دوای وەرگرتنی ڕای لیژنە بەرز دەکرێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری، پڕۆژە یاساکە خومەتێکی باش بەنەخۆش دەکات تا لەکاتی نەخۆشکەوتنی ھەر کەسێکدا مافەکانی دابین بکرێ و خزمەتگوزاریی تەواوی پێشکەش بکرێ".