سلێمانی
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (شۆڕش ئیسماعیل) لەبارەی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن و پلانی حیزبەکەیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو AA قسەیکرد.
شۆڕش گوتی " ئەو پلان و بەرنامانەی داماننابوو بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن، سەرکەوتووانە گەیاندومانە دەنگدەر. ئێستا کە نزیک دەبینەوە لەتەواو بوونی وادەی بانگەشە، لەو باوەڕەم ھەڵمەتێکی گەورەو شایستەمان ئەنجامدا".
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی ی.ن.ک ئاماژەی بەوەدا لەسنووری پارێزگای ھەولێرو چەند ناوچەیەکی دیکە، ئاستەنگ ھاتووەتە بەردەم ھەڵمەتی بانگەشەی حیزبەکەیان، دەڵێ بەڵام ئەو ئاستەنگانە نەبووەنە ھۆی پەکخستنی بانگەشەکانیان.
شۆڕش ئیسماعیل گوتی "بەرنامەکانی خۆمان بەگشتی گەیاندە دەنگدەری کورد، دڵنیاین نزیکەی ٣٥ کورسی مسۆگەر دەکەین بۆیە لەئێستاوە لیژنەمان پێکھێناوە بۆ ئامادەکاریی تا زەماوەندی سەرکەوتنی لیستی یەکێتی بگێڕین، ئێستا بەرچاومان رۆشنەو دەزانین ڕێژەی دەنگەکانمان لەچ ئاستێکدایە".
یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکێکە لەدوو حیزبە حوکمڕانەکەی ھەرێمی کوردستان و ئێستا لەپەرلەمانی کوردستان ٢٩ کورسی ھەیە، ساڵی ٢٠٠٩ لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەلیستێکی ھاوبەش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی ھەڵبژاردنی کرد، ئەمجارە بەلیستێکی سەربەخۆ چووە کێبەرکێی ھەڵبژاردنەوە.
بەپێی ھەڵسەنگاندنی چاودێرانی ھەڵبژاردن، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پاڵێوراون تا ببنە دووەم براوەی ھەڵبژاردنی ئەمجارە لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام ئەم تەنیا بۆچوون و خوێندنەوەی چاودێرانەو ھیچ ئامارو راپرسییەکی باوەڕ پێکراو نەیسەلماندووە کامە ھێزی سیاسی دەبێتە براوەی یەکەم و دووەمی ھەڵبژاردن.