ھەولێر
لەیەکەم رۆژی ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن لەشاری ھەولێر، ھیچ گەرموگوڕییەک بەرچاو ناکەوێ. پارتی دیموکراتی کوردستان کە ھێزێکی باڵادەستە لەو شارە دەڵێ پەلەیان نییە بۆ بانگەشەیەکی گەرموگوڕ.
عەلی حسێن بەرپرسی لقی دووی پ.د. ک لەھەولێر بۆ AA گوتی " پارتی دەستیکردووە بەھەڵمەتی بانگەشە بەڵام وەکو حزب و قەوارەکانی دیکە پەلەی نییە چونکە ٢١ رۆژ بۆمان ھەیە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەڕێوەبەرین".
سەبارەت بە بەشداریکردنی ھەریەکە لەسەرۆک و جێگری سەرۆکی حیزبەکە(مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی) لەھەڵمەتەکانی بانگەشە، بەرپرسی لقی دوو گوتی "رێنمایی کۆمسیۆن ھەیە بۆ بەشداریکردنی بەرپرسانی حکومی لەبانگەشەکانی ھەڵبژاردندا".
لەلایەکی دیکە بزووتنەوەی گۆڕان لەشاری ھەولێر ئەو گەرمگوڕییەیان نییە کە لەشاری سلێمانی ھەیانە، لەوبارەیەوە ھێمن ئەنوەر، بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی ھەولێری بزووتنەوەی گۆران، بۆ AA گوتی " رۆژی چوار شەممە لەشاری ھەولێر ھەڵمەتی ھەڵبژاردنمان دەستپێکردووەو دەمانەوێ بانگەشەیەکی گەرموگوڕبێ".
پەیامنێری AA لەھەولێر سەرنجی داوە جگە لەسستی و کەمی گردبوونەوەی بانگەشەکاران، ھەروەھا لەچەند شوێنێکی کەم پۆستەرو فلێکسی بانگەشەکردن ھەڵواسراون.