ھەولێر
دامەزراندنی چوار کۆمپانیای نیشتمانی نەوت و سندوقی داھاتە نەوتییەکان لەنێو پاکێجەکەدان.
د.رێواز فایەق ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە سەر فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرایکرد ئەو پاکێجەی فراکسیۆنەکەیان ئامادەی کردووە، لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان پێشکەشی سەرۆکایەتیی دەکەن.
سەرباری تێپەڕینی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەھۆی نەگەیشتنی لایەنە براوەکان بە ڕێککەوتن بۆ پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێم، ھێشتا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەڵنەبژێردراوە.
د.رێواز لەبارەی پاکێجەکەیانەوە روونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی:" ئەو پاکێجە بریتی دەبێ لەدامەزراندنی چوار کۆمپانیای نیشتمانی تایبەت بە پرۆسەکانی نەوت و غاز لەھەرێمی کوردستان، لەگەڵ دامەزراندنی سندوقی داھاتە نەوتییەکان. مەبەست لێی بۆ بەدەستھێنانی شەفافیەتی زیاترە لەسەر کەرتی نەوت و غازی ھەرێم تا چیتر قسە لەسەر ئەوە نەکرێ وەزیری نەوت خۆی و جانتاکەیەتی."
ھەرێمی کوردستان دوای ئەوەی دڵنیا بوو یەدەگێکی زەبەلاحی نەوت لەژێر خاکەکەیدایە، ساڵی ٢٠٠٧ پەرلەمانەکەی یاسای نەوت و غازی پەسەندکرد. لەکاتێکدا ھێشتا بەغدا خاوەنی یاسایەکی تایبەت نییە بە نەوت و غازە زۆرەکەی.
بەپێی یاساکە چوار کۆمپانیای نیشتمانی لەھەرێمی کوردستان پێویستکراون بۆ رێکخستنی کەرتەکە ئەوانیش کۆمپانیاکانی (کوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرھەمھێنان، کوردستانی نیشتمانی نەوت، کوردستان بۆ ھەناردنی نەوت، کوردستان بۆ پرۆسەکانی پاڵاوتن و پاشکۆکانی) ئەمە بێجگە لەدامەزراندنی سندوقێک کە تایبەت دەکرێ بە داھاتی نەوتی ھەرێم.
د. رێواز لەدرێژەی قسەکانیدا دەڵێ ھەرچەندە جێی شانازییە ھەرێم یاسایەکی تایبەت بە نەوت و غازی ھەیە و پێش عێراق کەوتووە، بەڵام دەبێ میکانیزمی یاسای نەوت و غاز لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە جێبەجێ بکرێن. یەکەم گرێبەستی نەوتیی لەھەرێمی کوردستان لە لایەن ئیدارەی پێشووی سلێمانی کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەرۆکایەتی دەکرد، پێش ساڵی ٢٠٠٣ ئیمزاکراوە، رێواز گوتی:" یەکێتیی نیشتمانی کوردستان شەریکێکی ستراتیژییە لەنەوتی کوردستان، بەڵام وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لەنێو پەرلەمانی کوردستان، بەھیچ شێوەیەک پێشتر ئاگاداری داھاتە نەوتییەکان نەبووین."
تا ئێستا حکومەتی ھەرێم زیاتر لە ٥٠ گرێبەستی نەوت و غازی لەگەڵ چەندین کۆمپانیای بیانی ھەیە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن و بەشێ لە پسپۆڕان رەخنەی توند لە ناشەفافیی کەرتەکە و نا دامەزراوەیی کارەکانی دەگرن.
ئەو قسانەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لەکاتێکدایە ئەمڕۆشی لەگەڵدابێ ی.ن.ک ھاوشانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەساڵی ١٩٩١ەوە حوکمڕانیی ھەرێم دەکات.
رێواز دکتۆرای لە یاسادا ھەیە و شارەزای یاسای نەوت و غازی ھەرێمە.گوتی: "لە ٤٨ مانگی رابردوودا، تەنیا ٢٥٠ ملیۆن دۆلار داھاتی نەوتی ھەرێم ھاتووەتە پەرلەمانی کوردستانەوە. باوەڕناکەم داھاتەکە ئەوەندە بێ، پرسیاریش ئەوەیە چۆن خەرجکراوە."
لە لایەکی دیکە حوسام بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی گەشەپێدانی ئابووریی کوردستانKEDO لە لێدوانێکدا بۆ AA گوتی:" ئەگەر ھەرێمی کوردستان لەبواری نەوت و غاز شەفافتر مامەڵە بکا، ئەوا کۆمپانیای بیانیی زیاتر روو لە کەرتی وزەی ھەرێم دەکەن و بۆ جێبەجێکردنی یاسای نەوت و غازی ھەرێم، دەبێ ئەو چوار کۆمپانیایەی لە یاسای نەوت و غازدا ناویان ھاتووە دابمەزرێنرێن ھاوشانی سندوقێ بۆ داھاتەکانی."