تاران
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەوادزەریف لەبارەی سیاسەتی دەرەوەو بەرنامەی ئەتۆمی، لە زانکۆی تاران کۆنفرانسێکی تایبەت بەو پرسەی سازدا.
جەوادزەریف لە کۆنفرانسەکەدا گوتی: "وەک ئەوەی خۆمان بە گەورە نازانین، نابێ بە بچووکی سەیری خۆشمان بکەین. دوای بەدەستھێنانی متمانەی خەڵک ئینجا رێککەوتننامەی بەرنامەی ئەتۆمیمان ئیمزاکرد، ھەر بۆیە ناترسین. ئەوانەی لە ئاکامی رێککەوتننامەکە دەترسن کەسانێکن لە سیاسەتی ئەمریکاو زایۆنییییەکان تۆقاون، چونکە ئەوانە خۆیان ترسنۆکن و خەڵکانێکی ھاوشێوەی خۆیان بە سەرچاوەی ھێزی ئەم جیھانە دەزانن، بەڵام ئێمە پەروەردگار بە سەرچاوەی ھێز دەزانین. ھەر ئەو باوەڕە توانای نەسڵەمینەوەی پێبەخشیوین."
یەکێ لە خوێنداکارانی بەشداربووی کۆنفرانسەکە پرسیاری لەبارەی وردەکاریی رێککەوتننامەی نێوان واشنتۆن و تاران کرد. جەوادزەریف بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە: "کۆشکی سپی بەشێکی کەمی رێککەوتننامەکەی بۆ گەلی ئەمریکا خستۆتەڕوو، ھەروەھا بەشێوەیەکی سادە راڤەی بۆ مەسەلەکە کردووە. وەک بڵێی نەیەوێ مەسەلەکە بە پڕاوپڕی بۆ میللەتەکەی بخاتەڕوو، تەنانەت واشنتۆن پۆست نووسیویەتی: کۆشکی سپی درۆی لەگەڵ خەڵکەکەی کرد. لێرەدا راستییەک ھەیە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە دەقی رێککەوتننامەکەیە نەک ئەو زانیارییانەی کۆشکی سپی بە میللەتەکەی داوە. ناشبێ رێبدەین بەناوی ئێمەوە درۆ بکرێ و شیرازەی یەکگرتوویی گەلی ئێران تێکبدرێ. بەداخەوە ھەندێ لە دۆستانمان لەبری روونکردنەوەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوکراوەکانی کۆشکی سپی بە گەلی ئێران دەفرۆشنەوە. بۆچی ھەندێ لە ئاژانسە ھەواڵییەکانی ئێران ھەواڵی دروستکراو و درۆینی سایتە ئیسرائیلییەکان بە سەرچاوە دادەنێن کەچی باوەڕ بە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان ناکەن؟"
جەوادزەریف لەبارەی بەرھەمھێنانی یۆرانیۆمی وڵاتەکەی گوتی: "بەوشێوەیە نییە کە باس دەکرێ، ئێران دەستی لە بەرھەمھێنانی یۆرانیۆم ھەڵنەگرتووەو بەردەوامە، ئەوەتا ئەمریکایش بڵاویکردۆتەوە کە ماوەی شەش مانگ رێژەی بەرھەمھێنانەکە دادەبەزێنرێ بۆ رێژەی سەدا پێنج. ئەوە بڕیارێک نییە نەتوانین بۆی بگەڕێینەوە، بەرزکردنەوەی رێژەی٥% بۆ ٢٠% تەنیا کاری بیست و چوار سەعاتە نەک زیاتر."
زەریف لەبارەی ئیسرائیلەوە گوتی: "زایۆنییەت ساڵانێکە ئێران بە بەرھەمھێنانی چەکی ئەتۆمی تۆمەتباردەکا و کارەکانی خۆی پەردەپۆش دەکا. چەکی ئەتۆمی پێش ھەموو شتێ زیانی بۆ خۆمان ھەیە، ئێمە پێویستمان بە چەک نییە. مانەوەی حکومەت بەند نییە بە خاوەندارێتیی چەکی ئەتۆمییەوە. بێجگە لەوە پێویستە ھەموو جیھان ئەوە بزانن کە ھیچ کەسێ بۆی نییە لەبری ئێمە بڕیار بدا. بەڵێ پێویستمان بە چەکی ئەتۆمی نییە و نامانەوێ، ھەروەھا خۆمان بڕیار دەدەین چیمان پێویستە نەوەک کەسانی دیکە. بەو رێککەوتننامەیە توانیمان ئەو بیانووەی ئیسرائیل بنەبڕ بکەین کە ساڵانێکە خۆی و وڵاتانی پێوە خەریک کردبوو. ئیتر ناتوانێ بە خراپ پیشاندانی ئێران رێ لە کارەکانمان بگرێ. بەوە ئیسرائیلمان داخ کرد، چونکە خۆراکی بنیاتنان و گەشەکردنی ئیسرائیل جەنگ و فیتنەیەو، ئەوان بەوجۆرە بەردەوام دەبن لە زوڵمکردن. بەڵام ئیتر ئەوەشمان لەژێردەستیان دەرھێنا."
کۆنفرانسەکە دوو سەعاتی خایاندو زۆربەی بەشداربووان پشتگیرییان لە قسەکانی جەوادزەریف کرد، ھەروەھا ھەندێکی دیکە نارەزاییان بەرامبەر رێککەوتنننامەکە دەربڕی و ھۆیھایان کێشا. وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی ناڕازییەکانی کردو گوتی: "سوپاسی برایانم دەکەم بۆ رەخساندنی ھەلێکی وەھا تا لە نزیکەوە ناڕەزایی گەلەکەم ببینم و ھەستی پێبکەم. دەتوانین لەناو وڵاتەکەماندا رەخنە لە حکومەت بگرین. بە رەخنەگرتن بێ یان بە پشتگیریی کردن، گرنگ ئەوەیە کار بۆ بەرژەوەندیی ئێران بکەین. ئامادەم لەپێناوی ئێوە بەرەنگاری تەواوی رۆژئاوا ببمەوە بەڵام بە مەرجێ ئێوە وەک رەخنەگرێکی ناو وڵات بمێننەوە نەوەک ببن بە ئەڵقە لەگوێی رۆژئاوا."