ئیستانبوڵ
پسپۆڕی سیاسەتی دەرەكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی سیاسەت، ئابووری و كۆمەڵگە (سەتا) عەبدوڵلا یەغین باسی لە رووداوەكانی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی یەمەن لە لایەن حوسییەكانەوە كرد و گوتی: "یەمەن بووەتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئێران و سعوودیە و لەگەڵ دەست پێ كردنی قەیرانی یەمەن ئەو شەڕەش كەوتووتە قۆناغێكی نوێیەوە".
یەغین بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان حەسابی جیاجیایان لەسەر یەمەن هەیە و بەو جۆرە ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەكی درێژ تووشی ئاژاوە و نائارامی دەبێت. یەمەن كە یەك لە قەرەباڵغترین وڵاتانی دوورگەی عەرەبییە ماوەی 10 ساڵە رووبەڕووی چەندین كێشەی گەورە وەكو جیابوونەوە، نزیك بوونەوە و شەڕی ناوخۆیی بووەتەوە و بەم ساڵانەی دواییش لاوازبوونی سوپای یەمەن هاتە ئاراوە و بەو جۆرە پاراستنی ئاسایش لە یەمەن تا رادەیەكی بەرچاو لاواز بوو و ئابووری ئەو وڵاتەیش تووشی كێشە و گرفت بوویەوە و ئەمانە هەموویان بوون هۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی لە یەمەن، بێگۆمان ئەمە لایەنێكی پرسەكەیە چونكە لایەنێكی دیكەی قەیرانی یەمەن دەستێوەردانی هێزە دەرەكییەكان لە كاروباری ناوخۆیی یەمەنە و بە هۆی ئەو دەستێوەردانانەوە شەڕ لەو وڵاتە هاتووەتە ئاراوە و سعوودیە و ئێران سەرقاڵی زیاتر كردنی كاریگەریی خۆیانن لە یەمەن".
عەبدوڵڵا یەغین لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "ئەمریكا لە پێشهاتەكانی یەمەن دا نەیتوانیوە چالاك بێت چونكە نایەوێت لە یەمەن رووبەڕووی ئێران ببێتەوە كە لەگەڵی هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ بەرنامەی ئەتۆمییەكەی دەدات، دوژمنی هاوبەشی ئەمریكا و ئێران لە سووریا و عێراق داعشە و رەنگە هەڵوێستی ئێران و ئەمریكا بەرامبەر بە قاعیدە لە یەمەن ببێتە خاڵێكی دیكەی هاوبەشی نێوان ئێران و ئەمریكا و رەنگە شەڕی دژی داعش لە رێگای حزبوڵڵا و شەڕی دژی قاعیدەیش لە رێگای ئەنساروڵڵایەوە بكرێت و باوەر ناكەم هیچ لارییەكی ئەمریكایش لەو بارەوە هەبێت".