ریاز
گوتەبێژی ھێزی ئاسمانی ھاوپەیمانی دژی حوسییەكان عەمید ئەحمەد ئەل ئەسیسری لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە ماوەی ئەو 25 رۆژەی ئۆپەڕاسیۆنەكاندا سەدا 95 تا سەدا 98 سیستەمی بەرگریكردنی حوسییەكانیان تێكشكاندووە ھاوكات سەدا 80ی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنیان لە ناو بردووە.
ئاماژەی بەوەش كرد لە ھێرشە ئاسمانییەكاندا ھەوڵیانداوە لەو شوێنانە بدەن كە حوسییەكان لەوێوە دەبنە ھەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتیش عەرەبستانی سعوودیە. لەو چوارچێوەیەدا ھەموو ئەو ناوچانە دەكرێنە ئامانج كە دەبێتە دەستپێكی ئۆپەڕاسیۆنەكانی زەمینی.
عەمید ئەحمەد باسی لەوەش كرد ھێزەكانی ئاسمانی ھاوپەیمانان، ئاسمانی یەمەنیان كۆنتڕۆڵ كردووە و مووشەکەكان و ئەو چەكانەی كە حوسییەكان لە نێو ئەشكەوت، قوتابخانە، نەخۆشخانە و ئوتێلەكاندا شاردبوویانەوە لە ناوبراون و گوتیشی: "لە سەرەتای ئۆپەڕاسیۆنەكانەوە هەتا ئێستا دوو ھەزار و 300 ھێرش كراوەتە سەر حوسییەكان لە ئەنجامیشدا سەدا 95 تا سەدا 98 سیستەمی بەرگریكردنی حوسییەكانیان تێكشكاندووە ھاوكات سەدا 80ی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنیان لە ناو بردووە".
ئەو دەشڵێت لە ماوەی ئەو 25 رۆژەی دەستپێكردنی ئۆپەڕاسیۆنەكاندا ئامادەكاری بۆ قۆناغی داھاتوو كراوە، لە قۆناغی داھاتووشدا ھەوڵ دەدرێت ھیزی ھێرشكردنی حوسییەكان بشكێنین، خەڵكی سڤیل بپارێزین و ھاوكاری مرۆیی دابین بكەین.
سەركۆماری یەمەن عەبدلڕەبۆ مەنسووڕ ھادی دوای ئەوەی شاری عەدەنی وەكو ناوەندێكی كاتی لە یەمەن دیاری كرد، حوسییەكانیش لە بەرامبەر ئەوە بەرەو ئەو شارە ھەنگاویان نا و چەند خاڵێكی ستراتیجیان كۆنتڕۆڵ كرد.
لەسەر ئەمەش سەركۆماری یەمەن داوای لە كۆمكاری عەرەبی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد بە ھانایانەوە بچن. لەسەر ئەو بانگەوازەی ھادی هەریەك سعوودیە، بەحرێن، قەتەر، كوێت، ئیمارات، مەغریب، سوودان، ئوردن و میسر ھاووپەیمانێتییەكیان لە دژی حوسییەكان پێكھێنا و لە بەرەبەیانی رۆژی 26 ئادار فڕۆكەكانی جەنگی ئەو ھاوپەیمانێتیەیە ھێرشیان بۆسەر حوسییەكان دەست پێكرد.