Dlshad Saifaalddin Ahmed
04 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2017
سلێمانی
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەڵاحەددین محەمەد بەھائەدین لە ساڵیادی راگەیاندنی حزبەکەیدا و لە میانی گفتوگۆیەکی کراوەدا لەگەڵ ژمارەیەک لە روناکبیران و رۆژنامەنووسان لە شاری سلێمانی ئەنجامیدا ئاماژەی بە ھەڵوێستەکانی حزبەکەی و دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و دواین گۆڕانکارییەکان کرد.
سەڵاحەددین بەھائەدین گوتی: "ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە سەرەتاوە کە دەستمان پێکرد ھەمومان لە بیرمانە حاڵی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٤ لە کوێدابوو، کە تازە جارێکی تر ناکۆکی سەری ھەڵدابویەوە دوای ناکۆکی شەستەکان و ھەشتاکان، ئێمە وامان زانی کە چیتر مەجال نەماوە و دەبێت ھێز و لایەنێکی مەدەنی سیاسی بە خەلفیەتێکی ئیسلامی بێتە مەیدان تا خزمەت بەو حاڵەتە بکات، لەو کاتەوە بەردەوام بوین لە ئاشتەوایی و راستکردنەوە و ئاشتەوایی و ئارامکردنەوەی دۆخەکە، ناکۆکییەکان دووبارە و سێبارە دەبێتەوە بۆیە بەردەوامین بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ئاشتەوایداین و ئەوە ستراتیجی ئێمەیە".
ئەو گوتی: "ئێمە وادەزانین لە ھەرێمی کوردستان ھەموو پێکەوە دەژین و پێویستە پێکەوە بژین و رێز لە یەکتر بگرین و ئازادی بدەن بە یەکتر و دەسەڵات بەکار نەھێنن بۆ سەرکوتکردن و چەوساندنەوە، بەو نەفەسە بەردەوامین و دەزانین ستراتیجێکی گرنگە".
ئەمینداری یەکگرتوو ئاماژەی بەوەشکرد "لەم ساڵانەی دوایدا بابەتی توندڕەوی و بەکارھێنانی توندڕەوی بەناوی ئیسلامەوە بووەتە بەڵایەکی گەورە، ئێمە وامانزانی ئیشێکی گەورەمان کەوتە سەرشان کە لەو بوارەوە کار بکەین، خۆشبەختانە لە ھەرێمی کوردستان ئەو شتە حزوری نیە و باشتر دەبێت ئیسلامییەکان لە کوردستان خۆیان ئامادە بکەن و پلانیان ھەبێت بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو تەوژمە جیھانییە کە توندوتیژی و پەڕگیرییە".
سەڵاحەددین بەھائەدین ئەوەشی گوت: "ئەو شەڕە ئایدۆلۆجیەی کە جاروبار بەرگی دیموکراسی و ئازادی و رکابەری و ململانێی سیاسی لەبەر دەکات پێمان باش نەبووە و پێمان باش نییە، بۆ ئەوەش کۆششمان ھەیە و خۆشبەختانە ئیسلامییەکان کۆبونەوەمان ھەیە و بەرەو ئەوە بچین ببینە خزمەتکار و شەریکێکی باشتر بۆ حاڵەتە سیاسییەکەی ھەرێمی کوردستان".
ھەروەھا گوتی: " بۆ دۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەین ھەمومان پێکەوە ھاوکاری یەکتر بین و فرسەت نەگرین لە خلیسکانی یەکتر و یەکتر سفر نەکەین ، ئێسک شکاندنی یەکتر خزمەتی کەس ناکات و مێژووش جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە لە خزمەتی یەکتردا بین بۆ گەیشتن بە ئامانج و ستراتیجێکی ئاشکرا و روون و ئامانجمان ھەبێت ئەم گەلە بەرەو کوێ دەبەین ".
سەڵاحەددین بەھائەدین ھەروەھا گوتی: "بەداخەوە حاڵی ھەرێمی کوردستان وای لێھاتووە و دەسەڵات میزاجی وا تێکچووە کە ھەرچی بڵێی و ھەر راستییەک بڵێی وا دەزانێت دوژمنایەتی دەکەیت، تائێستاش مەلەفی دوژمنایەتی و دژایەتی لەگەڵ رەخنە و پێشنیار و ناڕازی بوون لە ئەداء جیا ناکاتەوە کە ئەوەش نەخۆشی سەردەمە و گەیاندینی بە ئەنجامێکی خراپ".
ئەوەشی گوت: "خەڵکی ئێمە بەداخەوە کە قسەیەکی کرد ئەوەندە توند دەیگرێت و لەسەری دەچێت بێتامی دەکات، سیاسەت کردن نە بەو مکوڕی و عینادیە دەکرێت نە نیشتمان پەروەریش بەو شێوەیە دەکرێت، ئێمە پاشکۆیەتی بە تاوان دەزانین و پاشکۆیەتی بۆ کەس ناکەین، بەڵام پارسەنگی ھیچ پلانێکی ناحەزانەی لەتکردن و بەفیرۆدانی رەنج و تێکۆشانی خەڵک نابین، پارسەنگی ھیچ پلانێکی نادروست کە تێی نەگەین یان بەگومان بین لێی نابین ناوخۆیی بێت یان ئیقلیمی".