Dlshad Saifaalddin Ahmed
25 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2018
سلێمانی – AA
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە چەند سەگێك لەناو زانكۆی سلێمانی پەلاماری چەند كچە قوتابییەكی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆكە دەدەن و بەو هۆیەوە دوو لە قوتابییە كچەكان بریندار دەبن، كاردانەوە و نیگەرانی قوتابیانی زانكۆكەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەرلە دوو شەو قوتابیانی كچی بەشە ناوخۆییەكە مانگرتنیان راگەیاند.
ئەمڕۆش بەشێكی زۆری قوتابیانی بەشە جیاجیاكانی زانكۆی سلێمانی بۆ پاڵپشتیكردنی داواكاری بەشە ناوخۆییەكان مانگرتنیان لە دەوامكردن راگەیاند، تا ئەو كاتەی بەرپرسانی زانكۆكە بەدەم داواكارییەكانیانەوە دێن و چارەسەری كێشە و گرفتەكانیان دەكەن.
قوتابیانی زانكۆكە دواتر بە رێپێوان بەرەو بینای پارێزگای سلێمانی بەڕێكەوتن و لە بەردەم پارێزگادا دەستیان بە گوتنەوەی دروشم و داواكاری بۆ چارەسەركردنی كێشەی قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆ كرد.
یەك لە قوتابییە بەشداربووەكانی خۆپیشاندانەكە، باڵا قادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم خۆپیشاندانە دوای خۆپیشاندانی چەند هەفتەی رابردووی قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكان دێت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، هەمان رۆژ بڕیاربوو قوتابییە كچەكانیش بێنە سەر شەقام و داواكاری خۆیان بكەن، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگریان لێكرابوو، ئەوەی جێگای داخە لە رۆژی توندوتیژی دژی ئافرەتان سووكایەتی بە قوتابیانی كچی بەشە ناوخۆیی زانكۆی سلێمانی كراوە".
ئەو گوتی: "داواكاری سەرەكی ئێمە لەم خۆپیشاندانەدا دابینكردنی پێداویستی بەشە ناوخۆییەكانە كە كێشە و گرفتی زۆریان هەیە، هەروەها ئەو سەگانەی لەنێو زانكۆ هەیە تا ئێستا بوونەتە هۆكاری ئەوەی قوتابییەكی كچ تووشی نەخۆشی هاری و ئەوی تر تووشی نەخۆشی دەروونی بووە بە هۆی پەلاماردانی ئەو سەگانەوە".
شادیار عەلی قوتابی قۆناغی یەكەمی بەشی وەرگێڕانی زانكۆی سلێمانییە و ئاماژە بەوە دەكات ئەوان وەك قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكان بێبەشن لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و پێویستی زۆریان بە خزمەتگوزاری هەیە.
لە بەرامبەر خۆپیشاندان و داواكاری قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكانی زانكۆی سلێمانی، ئەمڕۆ سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا روونكردنەوەی خۆی لەو بارەیەوە دا.
یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، ئاراس فەریق زەینەڵ رایگەیاند، سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی كاری لەسەر جێبەجێكردنی بەشێك لە داواكارییەكانی بەشە ناوخۆییەكان كردووە و بە نووسراو فەرمانگەی ڤێتەرنەری سلێمانی كردووە بۆ دوورخستنەوەی ئەو سەگانە لەناو زانكۆكەدا.
ئاماژەی بەوەش كرد، بە هۆی كێشەوگرفتی تەندەر لە لایەن وەزارەتی داریی هەرێمی كوردستانەوە نەتواندراوە كار لەسەر هەموو داواكارییەكانی قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكان بكەن.