Heman Hussein Yaseen
08 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2024
هەولێر - AA
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی دەنگدەرانی گشتی ھەرێمی کوردستان-عێراقی بڵاو کردەوە کە ٣ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار و ٣٦٠ دەنگدەر ھەیە و ڕاشیگەیاند کە لەو ژمارەیەش تا ئەمڕۆ ٢ ملیۆن و ٩٠١ هەزار و ٨٠ کەس کارتی بایۆمەتری دەرهێناوە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق جومانە غەلای لە بڵاوکراوەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە لە پارێزگای ھەولێر یەک ملیۆن و ٣٦٦ ھەزار و ٤٦٢ دەنگدەری گشتیی ھەیە، کە لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ١٦ ھەزار و ٣٥٧ دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان دەرھێناوە.
ھەروەھا لەبارەی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە ڕاشیگەیاندووە کە یەک ملیۆن و ٤٩٦ ھەزار و ١٥٢ دەنگدەر ھەیە و لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و ١٤٦ ھەزار و ٥٣٠ کەس کارتی بایۆمەترییان دەرھێناوە.
ھاوکات لەبارەی پارێزگای دھۆکیشەوە، جومانە غەلای ڕاگەیاند کە ژمارەی دەنگدەران لەو پارێزگایە بریتییە لە ٩٢٦ ھەزار و ٧٤٦ دەنگدەر و لەو ژمارەیەش٧٣٨ ھەزار و ١٩٣ کەس دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی تۆمارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆی گشتیی دەنگدەران لە ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق سێ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار و ٣٦٠ دەنگدەرە، تا ئێستاش دوو ملیۆن و ٩٠١ ھەزار و ٨٠ دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان دەرھێناوە و بەم پێیەش ٨٨٨ هەزار و ٢٨٠ کەس کارتی بایۆمەتریان دەرنەهێناوە.
جێی ئاماژەیە ڕۆژی ٢٦ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی بۆجاری چوارەم وادەی بەڕێوەچوونی خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی بۆ ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دیارییکرد.