Zana Natık Kerem
08 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق، ئانل بۆرا ئینان ھەماھەنگی ئاسایشی ھاوبەشیان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی کردووە لە باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق، ئانل بۆرا ئینان.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و گرنگی پتەوکردنی ھەماھەنگی بنیاتنەرانەی نێوان ھەردوو وڵات کراوە، ئەوەش بە ئامانجی چالاککردنی بۆ ئەو ڕێککەوتننامە و یاداشتنامانەی کە لەگەڵ تورکیادا لە سەردانەکەی ئەمساڵی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق، واژوو کراون.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی دیدارەکەدا، جەخت کراوەتەوە لەسەر خێراکردن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵات لە دۆسیەی ئاودا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی ھەماھەنگی ئاسایشی ھاوبەشی ناوچە سنوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بە شێوەیەک کە سەروەری عێراق و خاکەکەی بپارێزێت و ڕێگری بکات لە ھەر پێشێلکارییەک.
لە مانگی نیسانى ڕابردوو سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدای کرد کە لە میانیدا، ٢٤ ڕێککەوتننامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان بەرپرسانی ھەردوو وڵات لە بوارەکانی بازرگانی، گەشتوگوزار، فێرکردن، تەندروستی، ئاسایش، زانستی تەکنەلۆژیا، وەبەرھێنان و وەرزش و چەند بواری دیکە لەنێوان ھەردوو وڵات، واژوو کران.
ھەر لە میانی سەردانەکەدا، بەسەرپەرشتی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی یاداشتنامەیەکی چوار لایەنە لەنێوان عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" واژوو کرا.