Abdulhameed Husseın Karam,Zana Natık Kerem
14 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند كە هەفتەی داهاتوو، كۆنگرەیەكی تایبەت بە ئامانجی ئامادەكردنی پلانێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، لەسەر كەرتی ئابووری و تەندروستیی ساز دەكەن.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عەبد زەهرە هینداوی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرایكردووە كە ئەو كۆنگرەیە لە 21ی ئەم مانگە بە پاڵپشتی پڕۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغدا ساز دەكرێت و لە میانیدا پلانێك بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەسەر كەرتی ئابووری و تەندروستیی ئامادە دەكرێت.
باسی لەوەشكرد كە وەزیری پلاندانانی عێراق، خالید بەتال نەجم و ژمارەیەك وەزیر و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەروەها نوێنەرانی كەرتی تایبەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بەشداری لە كۆنگرەكەد دەكەن و گوتی:
"ئەو كۆنگرەیە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و لە میانیدا زنجیرەیەك پانێڵ و دانیشتن بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی رەوشی ئێستا و ئامادەكردنی پلانێك بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەسەر كەرتی ئابووری و تەندروستیی، ساز دەكرێن".
ئەمەیش لە كاتێكدایە بەپێی دوایین ئامارەكان تا ئێستا 405 هەزار و 437 كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنابوون و لەو ژمارەیەش نۆ هەزار و 912 كەس گیانیان لەدەستداوە و 340 هەزار و 50ی دیكەیش چاكبوونەتەوە.