Heman Hussein Yaseen
13 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2021
ههولێر - AA
بە ئامادەبوونی سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی ئایدن مەعروف و، کۆنسوڵی تورکیا لە ھەولێر ھاکان کاراچای، لە رێورەسمێکدا ئۆفیسی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی لە شاری ھەولێر کرایەوە.
لە رێورەسمەکەدا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئەرشەد ساڵحی ئاماژەی بەوەکرد کە کردنەوەی ئەم ئۆفیسە بەشێکە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و جەختی لەوەشکردەوە کە ئەم ئۆفیسە گرنگی خۆی ھەیە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.
ھەر لە رێورەسمەکەدا، کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر ھاکان کاراچای پیرۆزبایی لە بەرەی تورکمانی کرد بەبۆنەی کردنەوەی ئۆفیسی مەکتەبی سیاسیی لە ھەولێر و ھیوای خواست کردنەوەی ئەم ئۆفیسە زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانیی بەرەی تورکمانی بدات لە ھەرێمی کورستان.
لە رێورەسمەکەدا ژمارەیەک بەرپرسی بەرەی تورکمانی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەشداربوون و، دوای کردنەوەی بارەگاکەش، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی ئایدن مەعروف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''کردنەوەی ئەم ئۆفیسە گرنگە بۆ پەیوەندییە سیاسیەکانمان لە ھەرێمی کوردستان و ئامانجمان ئەوەیە زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەن ئەمەش بەشێکە لە کارەکانمان و، پشتیوانی لە گفتوگۆ و پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان دەکەین''.
لەبارەی یەکەم سەردانییان بۆ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف گوتی: ''یەکەم سەردان سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین و دواتریش سەردانی لایەنەکانی دیکەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان دەکەین و لەم چوارچێوەیەشدا پەرە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین''.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ئایدن مەعروف رایگەیاند سوپاسی پارێزگاری ھەولێر و پۆلیس و ئاسایشی ئەم شارە دەکەین کە ئەوان وایانکردووە شارەکە سەقامگیربێت.