Bekir Aydoğan
13 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2021
هەولێر - AA
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، ئاماژەی بەوە کرد پولەکانی یادەوەری کە بەبۆنەی سەردانی پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس بۆ عێراق لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە چاپ کراوە پرۆژەیەک نییە لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە پلانی بۆ دانرابێت، بەڵکو لە لایەن هەندێ دیزاینەرەوە پێشنیار کراوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، دزەیی هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو پولەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە تیایدا وێنەی نەخشەیەکی تێدایە و هەندێ پارێزگای تورکیای لەخۆگرتووە، کە کاردانەوەی ئەنقەرەی لێکەوتەوە.
دزەیی باسی لەوە کرد کە ئەوە پرۆژەیەک نییە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی بۆ دانابێت و، گوتی: ''وەک دەزانن لە هەموو شوێنێکی جیهاندا لە رۆژانی تایبەت یان سەردانی تایبەتدا کۆمەڵێک پول چاپ دەکرێت''.
دزەیی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەندێ لە دیزاینەرانی گرافیک ئەو پولانەیان پێشنیار کردووە و پێشکەشی وەزارەتیان کردووە بۆ ئەوەی ئەگەر بە گونجاو بینران بە هۆی سەردانی پاپاوە وەک پولی یادەوەری چاپ بکرێن.
دزەیی ئەوەشی خستەڕوو کە چاپ کردنی پول لە چوارچێوەی یاسای دیاریکراو و بە بڕیاری حکوومەت دەبێت و، گوتی: ''بەڕێز وەزیر خۆی بڕیاری لە چاپ کردنی ئەوە نەداوە، تەنیا دیزاینێکە و بڕیاری لەسەر دەدرێت''.
سەفین دزەیی باسی لەوە کرد کە هەندێ پەرلەمانتار لە بەغدا رەخنەیان لە بارەی ئەو پولانە هەبووە و، ئەو سکاڵایانەش بۆ ئەوە بووە زمانی کوردی لەسەر پولەکان بووە و زمانی عەرەبی نەبووە و، گوتی: ''بەدڵنیاییەوە لەبەرئەوەی لە عێراق عەرەبی و کوردی زمانی فەڕمین پێویستە هەردووکی بەکاربهێنرێت. ئەویش لەبەرئەوەبوو کە حکوومەت بڕیارێکی لەو شێوەیەی نەبوو یان دیزاینێکە لەلایەن حکوومەتەوە نەکراوە''.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دزەیی، باسی لەوە کرد کە هەستیاری وڵاتانی ناوچەکە دەزانن و، گوتی: '' حکوومەتی کوردستانی عێراق بەرپرسە لە ھەرێمی کوردستانی عێراق، کە لە ناو دەستووری عێراقدا سنوور، دەسەڵات، پەرلەمان و حکوومەتێکی دیاریکراوی هەیە. جگە لەوەیش بەدڵنیاییەوە زۆر رێز لە سەروەریی ولاتانی دراوسێ ئێران، تورکیا و سووریا دەگرین. هەروەها چاوەڕوانین لەو وڵاتانەش رێز لە سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق بگرن''.
دزەیی باسی لە کاردانەوەکان کرد لەبارەی پولەکە و، رایگەیاند: ''وابزانم ئەو بابەتە کراوەتە سیاسەتی ناوخۆی تورکیا و ئۆپۆزسیۆن دەیخاتە ئەستۆی حکوومەت. رەنگە بە ئامانجێکی سیاسەتی ناوخۆ بەکاریبهێنن. ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. ئەوە سیاسەتی ناوخۆی تورکیایە. بەڵام پێشتر هەندێ رووداوی دیکە روویاندا، کە لەرێگەی دیالۆگەوە بەشێوەیەک چارەسەرکران''.
دزەیی ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا و ئێران زۆر باشە و، پەیوەندی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، سیاسیی و مێژووییان هەیە و، دەتوانرێت بابەتی پول بە ژیری چارەسەر بکرێت و، رایگەیاند: ''وەک گوتم دەمەوێت دووبارە جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە؛ ئەوە دیزاینێکە، شتێکە حکوومەت خۆی نەیکردووە. تەنیا چەند هونەرمەند، دیزاینەری گرافیک ئەوەیان کردووەتە دیاری''.
هەروەها دزەیی باسی لەوەیش کرد کە سالانی پێشووش بابەتی نەخشە چەند جارێک روویدا و چارەسەر کران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتی دیارە.
گوتیشی: ''سەقامگیریی، خۆشگوزەرانیی و ئاسایش کاری لەپێشینەی ئێمەن. پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەموو جیهان کاری لەپێشینەی ئێمەیە''.
دزەیی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لایەنگری چارەسەرکردنی ئەو بابەتەن و، رایگەیاند: ''کاتێ ئەو جۆرە شتانە سەرهەڵدەدات با بە تێگەیشتن چارەسەریان بکەین. برایانی ئەنقەرە و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە دەیانەوێت ئەوانە چارەسەر بکەن. ئێمەش دەمانەوێت چارەسەر ببێت. خۆی رووداوێکی هێندە گەورەش رووینەداوە''.
هەروەها گوتیشی: ''لە تورکیاش کۆمەلێک شت روو دەدەن، کۆمەڵێک شت لەبارەی ئێرە دەڵێن. لە لایەن پارتەکان و ئۆپۆزسیۆنەکانەوە. بەڵام دەزانین کە ئەوە هەڵوێستی فەڕمی تورکیا نییە. لەبەرئەوە ئێمەش بەرپرسی ناکەین لەوانە. تەنانەت ساڵی رابردوو سەرکردەی پارتێک گوتی ژمارەی ئۆتۆمبێل بی کەرکووک ٨٢ و بۆ مووسڵ ٨٣ ە. ئێمە هیچ شتێکمان نەگوت. زۆر شت دەڵێن، بەڵام خۆش نییە هەموو رۆژێک وەڵامی ئەوانە بدەیتەوە و بەرامبەریان ببیتەوە. ئەوەی گرنگە هەڵوێستی فەڕمی چییە، ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین. هەڵوێست و سیاسەتی ئێمە دیارە و، زۆر باش هەڵوێست و سیاسەتی ئەنقەرە دەزانین. لە پەیوەندی زۆر باشدا بووین و لەگەڵ بەردەوامی ئەو پەیوەندیانەداین''.