Sarmand Hameed
14 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
ئیدارەی ئەمریکا ئەمینداری گشتیی پێشووی کەتیبەکانی حزبوڵڵا عێراق و سەرۆکی ئەرکانی حەشدی شەعبی، عەبدولعەزیز محەمەداوی ناسراو بە ئەبو فەدەک-ی خستە لسیتی سزاکانییەوە و وەک "تیرۆریستی جیهانی" ناساندی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا عەبدولعەزیز محەمەداوی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لەگەڵ فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران کاری کردووە بۆ دووبارە رێکخستنەوەی دامەزراوەکانی ئاسایش لە دەوڵەتی عێراق دوور لە ئامانجە راستەقینەکانی کە خۆی لە بەرگریی لە دەوڵەتی عێراق و شەڕی دژبە داعش دەبینێتەوە، ئەمەش لە پێناو پشتیوانی لە چالاکییەکانی ئێران بووە، هەروەها بەرگریی لە رژێمی ئەسەد لە سووریا.
بە گوێرەی بڕیارەکە، دەست بەسەر سەرجەم سامانە گوازراوە و نەگوازراوەکانیدا دەگیرێت و مامەڵەکردنی کەسانی ئهمریكی لەگەڵیدا قەدەغەکراوە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی پێشوو ئیدارەی ئەمریکا، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز-ی خستە لیستی سزاکانییەوە.
هەر ئەمرۆ، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی سەپاندنی سزاکان بۆسەر ئێران، سزای بەسەر سێ کەسایەتی و ١٦ دامەزراوەی دیکەدا سەپاند.