Zana Natık Kerem
10 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2026
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانڵ بۆرا ئینان ڕایگەیاند کە کەرکووک، شارێکی نموونەیی پێکەوەژیان و شەراکەتە و ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی بایەخێکی زۆر دەدات بە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی ئایاری ٢٠٢٦، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانڵ بۆرا ئینان سەردانی کەرکووکی کرد و لە میانیدا لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک، محەمەد سەمعان ئاغا کۆبووەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری کەرکووک بڵاویکردووەتەوە کە، لە کۆبوونەوەکەدا، ئانڵ بۆرا ئینان پیرۆزبایی لە محەمەد سەمعان ئاغا کردووە بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ھەروەھا پەرۆشی تورکیای بۆ سەقامگیریی و سەلامەتیی و سەروەری خاکی عێراق دووپات کردووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئاماژەی بە ھەوڵەکانی وڵاتەکەی کردووە بۆ ھاوکاری و پشتگیرییکردنی کەرکووک بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئاسۆکانی ھاریکارییەکان کراوە سەبارەت بە گرنگی لێکۆڵینەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریی و گەشتیارییەکان و پەرەپێدان بە شوێنەوارە مێژووییەکانی کەرکووک.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانڵ بۆرا ئینان گوتوویەتی: "ھەمیشە جەخت دەکەینەوە کە کەرکووک، شارێکی نموونەیی پێکەوەژیان و شەراکەتە و کۆماری تورکیا بایەخێکی زۆر دەدات بە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق".